سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

پەرتووکی (دیپلۆماسی و هزری سیاسی کوردستانی) بە چاپگەیاندرا و بڵاوکرایەوە..

Alternate Text

پەرتووکی(دیپلۆماسی و هزری سیاسی کوردستانی)، لە بەرواری ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣ بە چاپگەیاندرا و بڵاوکرایەوە لە لایەن دەزگای فام ەوە. بریتییە لە پەرتووکێکی سیاسی دیپلۆماسی، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا ئامادەی کردووە لەسەر ڕۆشنایی هەردوو هەفتەی دیپلۆماسی کوردی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢، کە تێیدا نۆزدە دیپلۆماتکاری کورد لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەشداریان تێیدا کردووە هەروەها پێشدەستپێکی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی یەوە بۆ نوسراوە.  

ئەم پەرتووکە وەک توێژینەوەیەک ئامادەکراوە کە زیاتر پشت بەستە بە سەرچاوە فەڕەنسییەکان لە پرسە مێژوویی و تیۆرییەکاندا، هەروەها بەشێک لە ووتاری بەشداربووانی هەردوو هەفتەی دیپلۆماسی لە ناوەڕۆکی هەڵدەگرێت کە زیاتر باس لە ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە و نوێنەرایەتییەکانە لە وڵاتانی خانەخوێ. لەم چوارچێوەیەدا هەوڵدراوە چەند پرسێکی تر بوروژێندرێت بە شێوەکی تیۆری و گریمانەیی و شیکارییانە وەک پرسی شوناس و هاوڵاتی بوون.

-------------------

پوختەی پەرتووک :

ئاخاوتن لەمەڕ دیپلۆماسی و هزری سیاسیی كوردستانی، هەنگاوێكە بۆ واڵاكردنی دەروازەیەكی نوێیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان. ئەم پرسە دەستپێشخەرییەكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە فەرەنسا كە لە پڕۆژەی هەفتەی دیپلۆماسیی كوردیی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرەنسا، بۆ ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ سەرچاوەی گرتووە.
پڕۆژەكە تیشك دەخاتە سەر دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان و بەرەوپێشچوونەكانی، لە ڕێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی لە پێش بەدامەزراوەییبوونی هەرێمی كوردستانەوە، هەتاوەكوو بە دامەزراوەییبوونی و هاتنە كایەی پەڕلەمان و كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێكهاتنی بەپێی دەستووری نوێی عێراقی فیدڕاڵ.
لە دووتوێی ئەم پەرتووكەدا، هزری سیاسی و شوناس و پرسی چییەتیی كوردستانیبوون و مێژوو و ستراتیژی و چالاكی و بەرهەمی نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە، پاشان كاریگەریی دیپلۆماتكار و ناوەندەكانی تێفكرین لەسەر بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، شرۆڤە دەكرێت. هەروەها هەوڵی ڕۆچوونە ناو ئەو بوارانە دەدات، كە كاریگەرییان لەسەر دیپلۆماسیەت و پاڕادیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان كردووە.

-------------------

لە ئێستادا پەرتووکەکە بە زمانی کوردی بەردەستە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان (کتێبخانەی تەفسیر لە هەولێر، کتێبخانەی ڕەهەند لە کاسۆمۆڵ لە سلێمانی)، بۆ زانیاری زیاتر دەتوانرێت پەیوەندی بە دەزگای فام یان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا بکرێت.

لاپەڕەی دەزگای فام لە فەیسبووک

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە