سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

پێشوازیکردنی نەورۆز لە ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا

Alternate Text

بە دەستپێشخەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، وە بە هاوبەشی لەگەل هەریەک لە بالیوزخانەی عێراق لە پاریس و ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا، توانرا بۆ یەکەمین جار پێشوازیکردنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە تەلاری ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا ئەنجام بدرێت.

بۆنەکە ئێوارەی رۆژی ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٥٠ میوان بەڕێوەچوو و ئامانج لێی قولکردنەوەی پەیوەندی دۆستایەتی فەرەنسی - کوردیی و بەدەستهێنانی پشتیوانی زیاتری ‌‌حکومەتی فەرەنسی و گەلی فەرەنسا بوو. 

لە میانی وتاری دەستپێکیدا، خاتوو نیکۆل دورانتۆن، سەرۆکی گروپی دۆستایەتی نێوان پەرلەمانی فەرەنسا و عێراق لە ئەنجومەنی پیران، وە هاوسەرۆکی ڕێکخەری بۆنەکە، ئەو پەیوەندیە دۆستایەتییە دێرینەی وەبیرهێنایەوە کە فەرەنسا بە کوردستانەوە دەبەستێتەوە، و دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانن پشت بە پاڵپشتی بەردەوامی فەرەنسا ببەستن بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە. ناوبراو بە بۆنەی نەورۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی کورد کرد، و هیواشی خواست کە پەیوەندییەکانی فەرەنسا و کورد چڕتر بێتەوە.

دواتر بەرێز سەفین دیزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە چوارچێوەی سەردانێکی کاری ٣ ڕۆژە، و بە یاوەری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم بەڕێز د.محەمەد شوکری، لە فەرەنسایە، وتەیەکی پێشکەش کرد. لە میانەی وتارەکەیدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ فەرەنسا و بە تایبەتی بۆ ئەنجومەنی پیران دەربڕی لە مەر ئەنجامدانی ئەو پێشوازییە مێژووییە لە جەژنی نەورۆز و هیوای خواست کە لە وڵاتانی تریش هاوشێوەی فەرەنسا پێشوازی لە بۆنە خۆشەکانی گەلی کورد بکرێتەوە .

پاشان نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەنجومەنی پیران بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سێناتۆر کریستیان کامبۆن، دۆستی گەورەی کورد، لە وتەیەکدا پابەندبوونی تەواوی فەرەنسای بە هەرێمی کوردستان و عێراق دووپاتکردەوە.

دواتر هەریەکە لە بەرێزان د. ودیع ئەلبەتی، باڵیۆزی کۆماری عێراق لە فەرەنسا و د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا وتەیەکیان پێشکەش کرد، و وێرای پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز، سوپاسی سەرجەم میوانانیان کرد بۆ ئامادەبوونیان لە بۆنەکە.

دواتر سیناتۆران و پەرلەمانتاران و دیپلۆماتکاران و چالاکوانان و هونەرمەندان، بەیەکەوە لە دەوری هەڵبژاردەیەک لە خواردنی بەچێژی کوردی، گفتوگۆیان کرد.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە