سەرەکی
کۆماری فەرەنسا
ئەنجومەنی نیشتیمانی
هەواڵنامەی مانگانە
بەشداری بکە لە لیستی ئیمەیڵەکانمان بۆ وەرگرتنی نوێکردنەوە ئاساییەکان لەسەر
"ئەو وردەکاریانەی کە دەیدەیت تەنها لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەپێی سیاسەتی پاراستنی داتای ئێمە دەپارێزرێت و لەگەڵ هیچ لایەنێکی سێیەمدا هاوبەشی ناکرێت"
ئەنجوومەنی نیشتمانی یەکێکە لە دوو پێکهاتە سەرەکیەکەی پەرلەمانی فەرەنسا، پێکهاتەی دووەم ئەنجومەنی پیرانە. ئەنجوومەنی نیشتمانی دەکەوێتە کۆشکی بۆربۆن لە پاریس کە لە نێوان ساڵانی ١٧٢٢ تاوەکو ١٧٢٦ لەلایەن (لویز فرانسواس بوربون) کچی پاشا لویسی چواردەیەم درووستکراوە. ئەنجوومەنی نیشتمانی دامەزراوەی سەرەکی یاسادانانی فەرەنسایە، کە ئەرکی مشتومڕکردن و دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکانە. ڕۆڵێکی جەوهەری دەگێڕێت لە کارکردنی دیموکراسی فەرەنسیدا بەشێوەیەک کە هەم ئەرکی یاسادانان و هەم ئەرکی کۆنترۆڵکردنی حکومەت جێبەجێ دەکات.
پێکهاتەی ئەنجوومەنی نیشتمانی و هەڵبژاردن :
ئەنجومەنی نیشتمانی لە ٥٧٧ نوێنەر پێکهاتووە، کە بە مافی دەنگدانی گشتی ڕاستەوخۆ بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێن. هەڵبژاردنی یاسادانان بەپێی سیستەمی زۆرینە و دوو خولی لە بازنەکانی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت. هەر پەرلەمانتارێک نوێنەرایەتی بازنەیەکی جوگرافیای دیاریکراو دەکات. دابەشکردنی کورسییەکان بەبەردەوامی چاوپێخشاندنەوەی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی چەشنێک لە دادپەروەریی لە نوێنەرایەتیکردنی دانیشتووان مسۆگەر بکرێت.
- سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی :
سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی، لە دوای هەڵبژاردنی یاسادانان، لەلایەن ئەندام پەرڵەمانەکانەوە هەڵدەبژێردرێت. سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی دیبەیتەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی لەوانەش دڵنیابوون لە پابەندبوون بە ڕێکارەکان و ڕێسا ناوخۆییەکان. هەروەها سەرۆک لە کاتی مەراسیمە فەرمییەکان و لە پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەدا نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی دەکات.
- گروپە پەرلەمانیەکان :
ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتیمانی (ئەندام پەرلەمانتارەکان) بەپێی لایەنگری سیاسییان لەناو گروپە پەرلەمانییەکاندا کۆدەبنەوە. هەر گروپێک سەرۆکێک بۆخۆی دیاری دەکات و بەشداری دەکات لە دابەشکردنی بەرپرسیارێتی لەناو لیژنەکان و ئۆرگانە جیاوازەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانی. گروپە پەرلەمانیەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ڕێکخستنی دیبەیت و دەنگدان.
- کۆمیسیۆنەکان و کاری پەرلەمانی :
ئەنجومەنی نیشتمانی لە چەند لیژنەیەکی هەمیشەیی پێکهاتووە کە هەریەکەیان تایبەتمەندن لە بوارێکی دیاریکراودا (کاروباری ئابووری، کاروباری کۆمەڵایەتی، بەرگری و هتد). ئەم لیژنانە بەدواداچوون بۆ ڕەشنووسی یاساکان دەکەن، گوێ لە پسپۆڕان و نوێنەرانی حکومەت دەگرن و ڕاپۆرت ئامادە دەکەن. کاری لیژنەکان چارەنووسسازە لە یەکلاییکردنەوەی مشتومرەکان لە دانیشتنی پەرلەماندا.
سەبارەت بە پەیوەندی لە نێوان پەرلەمان و دەسەلاتی باڵا، ئەندام پەرلەمانەکانی فەرەنسا (ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی + سیناتۆرەکان) دەتوانن لەگەل سەرۆککۆمار کۆببنەوە و گفتوگۆبکەن لە چوارچێوەی کۆنگرەی پەرلەمانی فەرەنسا. ئەندامانی هەردوو ئەنجوومەنەکە لە کۆشکی ڤێرسای بەئامادەبوونی سەرۆککۆمار کۆدەبنەوە بۆ ئامادەبوون لەکاتی پێشکەشکردنی گووتاری سەرۆککۆمار، تاوەکو ئێستا ٢٧ جار کۆنگرەی پەرلەمانی فەرەنسا سازکراوە، کۆنگرەکە بۆ بڕیارە گەورە و کاریگەرەکان دەبەسترێت، وەک دەستکاریکردن یان هەموارکردنەوەی دەستووری وڵات، رێکخستنی ریفراندووم ، بەئەندامبوون یان دەرچوونی فەرەنسا لە یەکێتی ئەوروپا و بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازە هاوشێوەکان.
ڕۆڵی یاسایی :
ئەنجومەنی نیشتمانی دەسەڵاتی پێشنیارکردن و هەموارکردنەوە و دەنگدانی لەسەر یاساکان و پرۆژە یاساکان هەیە. پڕۆژە یاساکان دەتوانرێت یان لەلایەن حکومەتەوە یانیش لەلایەن خودی ئەندام پەڕلەمانەکانەوە پێشنیار بکرێت. هەرکاتێک کە پرۆژە یاسایەک پێشنیار دەکرێت، سەرەتا لەلایەن کۆمیسیۆنە تایبەتمەندەکانەوە لێکۆلینەوەی لەسەر دەکرێت پێش ئەوەی لە دانیشتنی ئەنجومەنی نیشتیمانی مشتومڕی لەسەر بکرێت. هەروەها ئەنجومەنی نیشتمانی دەنگ لەسەر بودجەی دەوڵەت دەدات کە یەکێکە لە ڕۆڵە گرنگەکانی. لە ئەگەری ناکۆکی لەگەڵ ئەنجومەنی پیران، ئەوە ئەنجومەنی نیشتمانییە کە دوا قسەی هەیە. جگە لە ڕۆڵی یاسادانان، ئەنجومەنی نیشتمانی ئەرکی کۆنترۆڵکردنی کارەکانی حکومەتیشی لە ئەستۆ دایە. پەرلەمانتاران دەتوانن لە دانیشتنەکان پرسیار لە حکومەت بکەن، پرسیار لە وەزیرەکان بکەن و داوای لێپرسینەوە بکەن لەسەر جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتیەکانی حکومەت. هەروەها ئەنجومەن دەتوانێت کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسە تایبەتەکان و بەرهەمهێنانی ڕاپۆرتی ورد.
سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی نیشتمانی :
سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی نیشتیمانی خاتوو یاێل براون پاڤێت ە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ ەوە وەک یەکەم ژن ئەم پۆستەی بەدەستەوەیە.
ماڵپەری فەرمی ئەنجوومەنی نیشتیمانی فەرەنسا
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە