سەرەکی کۆماری فەرەنسا کۆماری فەڕەنسا

Alternate Text

هەواڵنامەی مانگانە

بەشداری بکە لە لیستی ئیمەیڵەکانمان بۆ وەرگرتنی نوێکردنەوە ئاساییەکان لەسەر

"ئەو وردەکاریانەی کە دەیدەیت تەنها لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەپێی سیاسەتی پاراستنی داتای ئێمە دەپارێزرێت و لەگەڵ هیچ لایەنێکی سێیەمدا هاوبەشی ناکرێت"
Alternate Text

فەڕەنسا دەکەوێتە ڕۆژئاوای کیشوەری ئەوروپا. لە کۆمەڵێک دوورگە و زەوی دوای دەریاکان پێکهاتووە. فەڕەنسا لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە درێژدەبێتەوە بۆ نۆکەندی ئینگلیز و دەریای باکوور و لەڕێگەی ڕووباری ڕاینەوە بۆ زەریای ئەتڵەسی و لەگەڵ هەریەکە لە شانشینی یەکگرتوو، بەلجیکا، لۆکسەمبۆرگ، ئەڵمانیا، سویسرا، ئیتاڵیا، مۆناکۆ، ئەندورا و ئیسپانیا هاوسنوورە. هەروەها لە ڕێگەی هەرێمەکانی دیکەی کە بە هەرێمەکانی دوای دەریاکان ناسراون و خاکی فەڕەنسان لەگەڵ هەریەکە لە بەرازیل و سۆرێنام (گویان) دراوسێیە.
فەڕەنسا یەکێکە لە دامەزرێنە سەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا و ڕووبەریشی لە هەموو ئەندامانی دیکەی یەکێتییەکە زیاترە، هەروەها فەڕەنسا یەکێکە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی ئاساییش و ئەندامی دامەزرێنەری نەتەوەیەکگرتووەکانیشە. 

 

سیستەمی سیاسی لە فەڕەنسا :

سیستەمی سیاسی لە فەڕەنسا کۆمارییەکی نیمچە سەرۆکایەتییە. دەسەڵاتەکان لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و دەسەڵاتی دادوەریدا جیاکراونەتەوە. سەرۆک کۆمار، کە بە دەنگدانی ڕاستەوخۆی گشتی، بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێت، سەرۆکی دەوڵەتە و لە سیاسەتی دەرەوە و بەرگریدا ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت. هەرچی سەرۆک وەزیرانە، کە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دیاری دەکرێت، سەرۆکایەتی حکومەت دەکات و هەماهەنگی لەگەڵ وەزیرەکان دەکات. پەرلەمان لە فەڕەنسا لە دووبەش پێکهاتووە (ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی پیران) دەسەڵاتی یاسادانانیان هەیە. ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانی (ئەندام پەرلەمان) بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێن و سێناتۆرەکانیش بۆ ماوەی شەش ساڵ هەڵدەبژێردرێن و هەر سێ ساڵ جارێک بەشێکی نوێ دەکرێنەوە. لە فەڕەنسا ئەنجومەنی دەستووری هەیە، کە دڵنیایی دەدات لەوەی یاساکان لەگەڵ دەستووردا بگونجێن. سیستەمی سیاسیی فەڕەنسا کە لەسەر بنەمای دەستووری کۆماری پێنجەم کە لە ساڵی ١٩٥٨ پەسەندکراوە، ئامانجی زامنکردنی هاوسەنگییە لە نێوان سەقامگیری حکومەت و پرانسیپەکانی دیموکراسی، لە هەمان کاتدا دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان.

 

پێکهاتەی کارگێری فەڕەنسا :

فەڕەنسا بە هەبوونی  پێکهاتەیەکی کارگێڕی ئاڵۆز، بەڵام باش ڕێکخراو، ناسراوە. پێکهاتەی کارگێری فەڕەنسا دابەشکراوە بەسەر چەند ئاستێکی کارگێڕی کە هەریەکەیان بەرپرسیارێتی تایبەتیان هەیە و دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە بخرێتەڕوو:

١- دەوڵەتی ناوەندی :
پێکهاتەی دەوڵەتی ناواندی بەم شێوەیەیە :
سەرۆکی کۆمار: سەرۆکی کۆمار کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێت، ڕۆڵێکی سەرەکی لە داڕشتن و ئاراستەکردنی سیاسەتی نیشتمانی و نێودەوڵەتی دەگێڕێت.
سەرۆکی حکوومەت: سەرۆکی حکومەت، لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە ڕادەسپێرێت، ئاڕاستەی کارەکانی حکومەت دەکات و سەرپەرشتی کاروباری وەزیرەکان و وەزارەتەکان دەکات.
وەزارەتەکان: هەریەکەیان بەرپرسیارن لە بوارێکی دیاریکراو (پەروەردە، تەندروستی، بەرگری و هتد). وەزیرەکان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دەستنیشان دەکرێن.

٢- کۆمەڵگە خاکییەکان :
فەڕەنسا دابەش بووە بەسەر چەند ئاستێک لە دەسەڵاتی ناوخۆیی کە هەریەکەیان پلەیەکی دیاریکراوی سەربەخۆییان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی. ئەگەر پێکهاتەی کارگێڕی دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی فەڕەنسا لە گەورەترینەوە بۆ بچووکترین پۆلێن بکەین، ئەوا لە هەرێمەکانەوە دەست پێدەکەین کە ژمارەیان ١٨ هەرێمە (١٣ لە ناوەوەی فەڕەنسا و ٥ لە هەرێمەکانی دەرەوەی فەڕەنسا) و بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی قوتابخانە ئامادەییەکان، گواستنەوەی نێوان هەرێمەکان، ڕاهێنانی پیشەیی و گەشەپێدانی ئابووری. هەر هەرێمێک لەلایەن ئەنجومەنی هەرێم و سەرۆکی هەرێمەکەوە بەڕێوەدەبردرێت. لە پلەی دووەم بەشەکان، (Les départements)، دێن کە ژمارەیان ١٠١ بەشە (٩٦ لە فەڕەنسا و ٥ لە دەرەوەی وڵات) و بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی کۆلێژەکان، یارمەتی کۆمەڵایەتی، ڕێگاوبانی نێوان بەشەکان و خزمەتگوزارییە فریاگوزاریەکان. هەر بەشێک لە بەشەکان لەلایەن ئەنجومەنی بەشەکە و سەرۆکی بەشەکە بەڕێوەدەبردرێت. لە پلەی سێیەم شارەوانییەکان (Les communes) کە نزیکەی ٣٥ هەزار دانەن، سەرپەرشتی قوتابخانە سەرەتاییەکان و پلانی شارەکان و ڕێگاکانی نێوان شارەکان و خزمەتگوزاریی شارستانی و چالاکییە ڕۆشنبیری و وەرزشییەکان دەکەن. هەر شارەوانییەک لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانییەکەی و سەرۆکی شارەوانییەکەوە بەڕێوەدەبرێت.

٣- کۆمەڵگاکانی دەرەوەی وڵات (دوای دەریا)
کۆمەڵگاکانی دەرەوەی وڵات پێکدێت لە هەریەکە لە بەشەکان و هەرێمەکانی دوای دەریا  (DROM) کە گوادۆلۆپ، مارتینیک، گویان، ڕێیونیون و مایۆت لەخۆدەگرێت و شارەوانییەکانی دوای دەریا (COM) کە سانت پیێر ئێ میکیلۆن، والیس ئێ فۆتونا، سانت بارتێلمی، سانت مارتان و پۆلینیزیای فەرەنسی لەخۆدەگرێت. کالیدۆنیای نوێش کە خاوەنی پێگەیەکی تایبەتیە و ئۆتۆنۆمییەکی بەرفراوانتری هەیە، بەشێکی تری کۆمەڵگاکانی دەرەوەی وڵاتە.

 

زمان و پەروەردە :

زمانی فەرمی فەڕەنسا فەڕەنسییە. فێربوونی زمانی فەڕەنسی زۆر گرنگە بۆ تێکەڵبوون و سەرکەوتن لە فەڕەنسا. زۆرێک لە قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆکان وانەی زمانی فەڕەنسی بۆ تازەهاتووان پێشکەش دەکەن.

سیستەمی پەروەردە لە فەڕەنسا یەکێکە لە کۆنترین و ڕێزدارترین سیستمەکانی پەروەردە لە جیهان. سیستەمی پەروەردە بەسەر چەند ئاستێکی جیاوازدا دابەش کراوە کە هەریەکەیان تایبەتمەندی و ئامانجی تایبەتی خۆیان هەیە. ئەم مۆدێلە ئامانجیەتی پەروەردەیەکی ئاستبەرز پێشکەش بکات کە هەمووان دەستیان پێ بگات، لە هەمان کاتدا پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی خوێندکاران دابین بکات. سیستەمی پەروەردەی فەرەنسی بە ئاستبەرزی بەناوبانگە. لە سەر ئاستی قوتابخانە، قوتابخانەی حکومی و ناحکومی (تایبەت) لەخۆدەگرێت، خوێندنی باڵاش بۆ هەمووان دەستدەکەوێت، لەگەڵ چەندین زانکۆ و کۆلێژی بەناوبانگ. لە کۆماری فەڕەنسادا خوێندن بۆ هەموو دانیشتوانی فەڕەنسا لە تەمەنی ٣ ساڵییەوە تاوەکو تەمەنی ١٦ ساڵی بێ بەرامبەر و زۆرەملییە. ئەم سیاسەتەش ئامانجی گەرەنتیکردنی دەرفەتی یەکسانە بۆ هەموو منداڵان بەبێ گوێدانە بنەچەی کۆمەڵایەتییان. شێوازەکانی وانەوتنەوە لە فەڕەنسا هەمەچەشنن و داهێنانی پەروەردەیی لەخۆدەگرن. مامۆستایان سەربەخۆییەکی دیاریکراویان هەیە بۆ گونجاندنی شێوازی وانەوتنەوەیان بەپێی پێویستی خوێندکارەکانیان.

بە گشتی، پێکهاتەی سیستەمی پەروەردەیی لەم ئاستانە پێکدێت :

١ - باخچەی ساوایان (پەروەردەی پێش قوتابخانە) - تەمەن: ٣ بۆ ٦ ساڵ
ئامانج : ئامادەکردنی منداڵان بۆ چوونە ناو قوتابخانەی سەرەتایی. ئامانجی پەرەپێدانی کارامەیی کۆمەڵایەتی، زمان، توانای جوڵە و بنەماکانی بیرکردنەوەیە.

٢ - قوتابخانەی سەرەتای - تەمەن: ٦ بۆ ١١ ساڵ
ئامانج : فێربوونی بنەماکانی (خوێندنەوە، نووسین، بیرکاری) هەروەها بنەماکانی مێژوو و جوگرافیا و زانست. پەروەردەی نیشتیمانی و هونەریش بەشێکی تری ئامانجەکانە.

٣ - قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی - تەمەن: ١١ بۆ ١٥ ساڵ
ئامانج : چەسپاندنی زانیاری بەدەست هێنراو لە قوتابخانەی سەرەتایی و ئاشنابوون بە دیسیپلینە نوێیەکانی وەک زمانی بیانی، تەکنەلۆژیا، و پەروەردەی وەرزشی و وەرزش. لە کۆتایی ساڵی سێیەمدا لەم ئاستە، بڕوانامەی نیشتمانی ناسراو بە (Diplôme National du Brevet (DNB)) دەبەخشرێت.

٤ -خوێندنگای ئامادەیی - تەمەن: ١٥ بۆ ١٨ ساڵ
ماوەی کارکردن : ٣ ساڵ (لە قۆناغی ناوەندییەوە تا تێرمیناڵ)
ئامانج : ئامادەکردنی فێرخواز بۆ بەکالۆریۆس، کە دەتوانێت گشتی، تەکنەلۆژی یان پیشەیی بێت. فێرخوازان بە پشتبەستن بە ئارەزوو و پلانی پیشەیی خۆیان پسپۆڕییەک هەڵدەبژێرن.

٥ -خوێندنی باڵا
خوێندنی باڵا لە فەڕەنسا چەندین دامەزراوە لەخۆ دەگرێت لەوانە : زانکۆکان، ئیکۆلەکان، پەیمانگاکانی تەکنەلۆژیا ناسراو بە (IUT)، و بەشە تەکنیکیە باڵاکان (STS). بە پێچەوانەی بەشێک لە وڵاتان، ئیکۆلە گەورەکان لە فەڕەنسا، کە تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم لە فێرخوازن وەردەگرن، بۆ ڕاهێنانی نوخبەی کارگێڕان و بەڕێوەبەران تایبەتکراون.
ئامانجەکان: بەدەستهێنانی چەندین بڕوانامەی جۆراوجۆر لەوانە : DUT/BTS (دیپلۆمی زانکۆی تەکنەلۆژیا/بڕوانامەی تەکنیکی باڵا) تا دکتۆرا. 

ژمارەی دانیشتوان : 

بەگوێرەی ئامارەکانی پەیمانگای فەرەنسی بۆ ئامار و زانستی ئابووری کە بە (INSEE) ناسراوە ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی فەڕەنسا لە مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢٤ بریتییە لە ٦٨،٣٧٣،٤٣٣ شەست و هەشت ملیۆن و سێ سەت و حەفتاو سێ هەزار و چوار سەت و سی و سێ کەسە.


دراوی فەرمی وڵات : 

دراوی فەرمی لە فەڕەنسا یۆرۆیە (€).


هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە