سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

سەمپۆزیۆمی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو

Alternate Text

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا هەفتەی سێهەمی دیپلۆماسی کوردی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ڕێکخست بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشێک لە زانکۆکانی پارێزگا جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لە بەرواری ٨-١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣

هەفتەی دیپلۆماسی کوردی، لە بەرواری ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە زانکۆی سلێمانی لەژێر ناوی (سەمپۆزیۆمی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی) بەڕێوەچوو. سەرەتا سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بەڕێز پ.د. کۆسار محمد ووتاری خۆیان پێشکەشکرد و باسیان لە گرنگی پێکهێنانی پڕۆژەی هاوشێوە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرد و بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد. پاشان هەریەک لە میوان و بەشداربووی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی د. زیاد ڕەووف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا و د. عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا ووتاری خۆیان پێشکەشکرد و باسیان لە ئاستی پەیوەندییەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ووڵاتانی خانەخوێ کرد و ئەو ئالەنگارییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. 

لە پانێڵی یەکەمدا، د. عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەڕەنسا و هاوکارانی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کورستان لە فەڕەنسا ڕووناکییان خستەسەر پڕۆژەی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی و ناوەڕۆک و سەرەتای دروستبوونی پڕۆژەکە هەر لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە پاشان بەردەوامبوونی لە ٢٠٢٢. پاشان نوسینی پەرتووکێک پشتبەست بە هەردوو هەفتەی دیپلۆماسی کوردی بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٢١ کە ڕاستەوخۆ لەڕێگەی زوومەوە هەر یەک لە نوێنەرەبەرێزەکان و ڕاوێژکار و سەرۆکی فەرمانگە تێیدا بەشداربوون، لەم نێوەندەدا توێژەران و فێرخوازانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشداریکەری سەرەکیبوون لە پرسیارەکانیان و هەمی گەورەیان بۆ بە ئەرشیڤکردن و نوسینەوەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان وەک پێویستییەکی گرنگی دیپلۆماسی کوردستانی. دواتر پەرتووکی (دیپلۆماسی و هزری سیاسی کوردستانی) بە کورتی پێشکەشکرا و تەوەرە سەرەکییەکانی خرایەڕوو، پاشان گرنگی و خاڵی بەهێزی وەک سەرچاوەیەک و ماددەیەکی خام بۆ توێژەران و فێرخوازان بە تایبەت خرایەڕوو. بەرێوەبەری پانێڵی یەکەم بەرێز ئارام بکر عمر پرسیاری خۆی ئاڕاستەی خودی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا کرد بۆ ئامانجی پێکهاتنی ئەم پرۆژەیە و پرسی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان بەگشتی.

لە پانێڵی دووەمدا، بە سەرپەرشتی بەرێوەبەری پانێڵ پ.ی.د. هیوا عزیز سعید، هەریەک لە پسپۆرانی زانکۆی سلێمانی پ.ی.د. هەردی مهدی میکە علی و پ.د. دانا علی صالح شیکارییەکی ووردیان لە بارەی پەرتووکی (دیپلۆماسی و هزری سیاسی کوردستانی) کرد و لە ڕەهەندە جیاوازەکانەوە هەڵسەنگاندیان بۆ کرد و پێشنیار و ڕەخنەکانی خۆیان خستەڕوو لە بارەی پەرتووکەکەوە. پێکەوە هەریەک لە پسپۆرەکان و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا پێشنیاری کاری هاوبەشمان خستەڕوو لە پێناو ئاڕاستەیەکی ئەکادیمی و بەربینایەکی مەعریفی سیاسی بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان. بەشداربووانی ئامادەبووی زانکۆی سلێمانی سەرنج و رەخنەکانی خۆیان ئاڕاستەی میوانە بەشداربووەکانی هەفتەی دیپلۆماسی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کرد لەسەر خاڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە کە بەشێوەیەکی گشتی خرابووەروو لە کاتی پێشکەشکردنی پەرتووکە کە و ووتارەکاندا. پێشنیاری ئەوەمان کرد لە دوای خوێندنەوەی پەرتووکەکە هەموو پێشنیارەکانی زانکۆکان وەردەگرین و بە تایبەت ڕەچاوی خاڵەکانیان دەکەین بۆ چاپەکانی تری پەرتووکەکە. 

لە کۆتایی سەمپۆزیۆمەکەدا خوێندکاران و توێژەرانی بەشی پەیوەندییەنێودەوڵەتییەکان و یاسا پێشنیاری ئەوەیان کرد بەشێوەیەکی هەماهەنگی بتوانرێت خولی راهێنان بدرێت بە فێرخوازانی زانکۆکان لە دام و دەزگا جیاجیاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهاتنی دیپلۆماتکاری ئایندە و ئاوێتەبوونی نەوەی لاو و دامەزراوە دیپلۆماسی یەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە