سەرەکی
هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ
هەفتەی دیپلۆماسی کوردی لە زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا هەفتەی سێهەمی دیپلۆماسی کوردی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ڕێکخست بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشێک لە زانکۆکانی پارێزگا جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لە بەرواری ٨-١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
هەفتەی دیپلۆماسی کوردی، لە بەرواری ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو لەژێر ناوی (هەفتەی دیپلۆماسی کوردی)، لەم سیمینارەدا هەریەک لە بەڕێزان هێمن هەورامی، ئەکادیمیست و سیاسەتمەدار و جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و د. علی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، میوانی سەرەکی هەردوو تەوەری یەکەم و دووەم بوون.
دوای پێشکەشکردنی ووتاری سەرۆکی زانکۆی دهۆک بەرێز د. داود سلێمان ئەتروشی و بەخێرهاتنکردنی میوانەبەڕێزەکان و دوپاتکردنەوەی گرنگیدانیان بە پڕۆژەی لەم جۆرە لە زانکۆی دهۆک وە بەردەوامی دان لە پڕۆژەی هەماهەنگی نێوان زانکۆکان و نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم. پاشان د. هێمن هەورامی ووتاری خۆی پێشکەشکرد و پرسی دیپلۆماسی و بنەماکانی دیپلۆماسی و ڕەهەندە جیاوازەکانی حکومڕانییەکی بەهێز و ڕوانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە هەنگاونان و کردەکانیدا خستەڕوو.
لە چوارچێوەی سیمینارەکەدا، پڕۆژەی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی وەک یەکێک لە پڕۆژەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا لەلایەن بەڕێز نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنساوە د. عەلی دۆڵەمەڕی پێشکەشکرا. رووناکیان خستەسەر ناوەڕۆک و سەرەتای دروستبوونی پڕۆژەکە هەر لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە پاشان بەردەوامبوونی لە ٢٠٢٢ پاشان نوسینی پەرتووکێک لە بارەیەوە وەک پێویستییەکی گرنگی دیپلۆماسی کوردستانی. لە کۆتایی تەوەری یەکەمدا پەرتووکی (دیپلۆماسی و هزری سیاسی کوردستانی) بە کورتی پێشکەشکرا و تەوەرە سەرەکییەکانی خرایەڕوو، پاشان گرنگی و خاڵی بەهێزی وەک سەرچاوەیەک و ماددەیەکی خام بۆ توێژەران و فێرخوازان بە تایبەت خرایەڕوو.
لە تەوەری دووەمدا دیبەیت کراوەبوو لە نێوان بەشداربووانی پڕۆژەی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی و زانکۆی دهۆک، هەریەک لە پسپۆران د. عبدال جمعە و د. ادریس موسا، لە شێوەی مێزگردێک دیبەیتێک بە بەشداری میوانەکان و فێرخوازان و قوتابیان و توێژەران و مامۆستایان پێکهێنرا. هەر یەکێکیان باسیان لە ئەزموونی خۆیان لە کاری سیاسی و حکومی و ئاستی پەیوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەنێودەولەتییەکانی بەتایبەت کرد. فێرخوازان و توێژەران بە پرسیارەکانیان دیبەیتەکەیان بەپێزتر کردبوو ئاڵوگۆرێکی ئەکادیمی لەسەر پرسی دیپلۆماسی و سیاسی کوردستانی خرایەروو.
هەروەک ئەوەی لەسەرەتادا ئامانجی سەرەکی پرۆژەکە لە بەئەنجامگەیاندنی ئەم زنجیرە سیمینارە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بریتی بوو لە زەمینەسازییەک لەنێوان ناوەندەکانی تێفکرین کە زانکۆکانمانن لەگەڵ دەسەڵاتداران و کەسایەتییە سیاسیی و دیپلۆماتکارە کوردەکان لە ناوە و دەرەوە. لە زانکۆی دهۆک ئەم ئاڵوگۆڕە بەشێوەیەکی گونجاو هاتەگۆڕێ کە پرسیار و وەڵام لە دەرەوەی هەموو بەربەستە چینایەتییەکە دەکرا بۆ ئەم مەبەستە بە تایبەت ئامادەیی و پەرۆشی د.هێمن هەورامی و ئەو بەشدارییەی خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆی دهۆک جێگەی دەستخۆشی و پێزانینە.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا جەختی لە پێکهێنانی هەماهەنگی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا کردەوە خودی ئەم زنجیرە سیمینارەش وەک دەستپێکی ئەم هەماهەنگییە ڕووناکی خرایەسەر، هەروەها پێشنیاری ئەوە خرایەڕوو کە پێشنیاری هەریەک لە زانکۆ بەشداربووەکانی هەفتەی دیپلۆماسی بەهەند وەربگیرێت و وەک ناوەندەکانی تێفکرین مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و پێکەوە بە هەماهەنگی خزمەتێکی باشتر و شیاوتر پێشکەش بە گەل و نیشتیمان بکەین.
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە