سەرەکی
هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵەکان
سەمپۆزیۆمی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی لە زانکۆی سەلاحەددین بەڕێوەچوو
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا هەفتەی سێهەمی دیپلۆماسی کوردی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ڕێکخست بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشێک لە زانکۆکانی پارێزگا جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لە بەرواری ٨-١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
هەفتەی دیپلۆماسی کوردی، لە بەرواری ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە زانکۆی سەلاحەددین بەڕێوەچوو لەژێر ناوی (سەمپۆزیۆمی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی)، لەم سەمپۆزیۆمەدا هەریەک لە بەڕێزان سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، د. جوتیار عادل، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، د. علی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، د. زیاد ڕەووف، ڕاوێژکاری سیاسی و دیپلۆماسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. سامان سۆرانی، میوانی سەرەکی هەردوو تەوەری یەکەم و دووەمی سەمپۆزیۆمەکەبوون.
سەرەتای سەمپۆزیۆمەکە بە ووتاری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین بەرێز پ.ی.د. کامەران یونس محمد ئەمین دەستی پێ کرد، پاشان هەریەک لە سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ووتاری خۆیان پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی میوانەکانیان کرد لە نێویاندا بەرێز پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو.
هەر لە میانی پانێڵی یەکەمدا، پڕۆژەی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی وەک یەکێک لە پڕۆژەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا لەلایەن بەڕێز نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنساوە د. عەلی دۆڵەمەڕی پێشکەشکرا. رووناکیان خستەسەر ناوەڕۆک و سەرەتای دروستبوونی پڕۆژەکە هەر لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە پاشان بەردەوامبوونی لە ٢٠٢٢ پاشان نوسینی پەرتووکێک لە بارەیەوە وەک پێویستییەکی گرنگی دیپلۆماسی کوردستانی. لە کۆتایی تەوەری یەکەمدا پەرتووکی (دیپلۆماسی و هزری سیاسی کوردستانی) بە کورتی پێشکەشکرا و تەوەرە سەرەکییەکانی خرایەڕوو، پاشان گرنگی و خاڵی بەهێزی وەک سەرچاوەیەک و ماددەیەکی خام بۆ توێژەران و فێرخوازان بە تایبەت خرایەڕوو.
لە پانێڵی دووەم دا، هەریەک لە سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، د. جوتیار عادل، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، د. علی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، د. زیاد ڕەووف لەگەڵ بەرێوەبەری پانێڵ، د. شاڵاو عبدالخالق محمد، لە شێوەی مێزگردێک دیبەیتێکیان بە بەشداری میوانەکان و فێرخوازان و قوتابیان و توێژەران و مامۆستایان پێکهێنا. هەر یەکێکیان باسیان لە ئەزموونی خۆیان لە کاری سیاسی و حکومی و ئاستی پەیوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەنێودەولەتییەکانی بەتایبەت کرد.
لە بەشی دووەمی پانێڵی دووەمدا، میوانە سەرەکییەکانی پانێڵەکە پێکهاتبوون لە ڕاوێژکاری سیاسی و دیپلۆماسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. سامان سۆرانی و هەر یەک لە پسپۆرانی زانکۆی سەلاحەددین د. پەروێز ڕەحیم قادر و پ.د. قادر محمد و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا وەک خاوەنی نوسین و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی (دیپلۆماسی و هزری سیاسی کوردستانی).
لە هەردوو بەشی پانێڵی دووەمدا پرسیارگەلێک لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی خانەخوێ کرا پاشان ستراتیژی و بەربینای هزری و سیاسی هەرێمی کوردستان بەشێوەکی گشتی و ناوەڕۆکی پەرتووکی دیپلۆماسی و هزری سیاسی کوردستانی بە تایبەتی.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا جەختی لە پێکهێنانی هەماهەنگی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا کردەوە خودی ئەم زنجیرە سیمینارەش وەک دەستپێکی ئەم هەماهەنگییە ڕووناکی خرایەسەر، هەروەها پێشنیاری ئەوە خرایەڕوو کە پێشنیاری هەریەک لە زانکۆ بەشداربووەکانی هەفتەی دیپلۆماسی بەهەند وەربگیرێت و وەک ناوەندەکانی تێفکرین مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و پێکەوە بە هەماهەنگی خزمەتێکی باشتر و شیاوتر پێشکەش بە گەل و نیشتیمان بکەین.
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە