سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

ئۆفیسى ئاژانسى فەڕەنسى بۆ هاوکارى تەکنیکی نێودەوڵەتى لە هەولێر کرایەوە

Alternate Text

ئێواره‌ی دووشه‌ممه‌ی ٧ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٩ به‌ ئامادەیی بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەو باڵیۆزى فەڕەنسا لە عیراق و كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر، ئۆفیسى ئاژانسى فەڕەنسى بۆ هاوکارى تەکنیکی نێودەوڵەتى (Expertise France) لە هەولێر کرایەوە

بە ئامادەبوونى هەریەکە لە بەڕێزان (سەفین دزەیی) بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە و (برۆنۆ ئۆبێر) باڵیۆزى فەڕەنسا لە عێراق و (ئۆلیڤیێ دیکوتینیێ) کونسوڵى گشتى کۆمارى فەڕەنسا لە هەولێر و (جێریمى پیلێ) بەڕێوەبەرى گشتى ئاژانسى فەڕەنسى بۆ هاوکارى تەکنیکى نێودەوڵەتى، ئۆفیسى ئاژانسى فەڕەنسى بۆ هاوکارى تەکنیکى نێودەوڵەتى کە ناسراوە بە (Expertise France) کرایەوە.

لەسەرەتا بەڕێز (جێریمى پیلێ) ڕایگەیاند خۆشحاڵە کە ئەمڕۆ بەشدارى دەکات لە کردنەوەى ئۆفیسى تازەى ئاژانسى (Expertise France) و ئاماژەى بەوەدا کەوا ووڵاتى فەڕەنسا پەیوەندى تایبەتى دوولایەنەى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان هەیە و هاوکات فەڕەنسا ڕۆڵى باشى هەبووە لە ئاسایی کردنەوەى پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و هاوکات فەڕەنسا بە بڕى (1,3) ملیۆن دۆلار لە ڕێگەى ئاژانسە نێودەوڵەتیەکان هاوکارى بەخشیوە بە عێراق.
بەڕێزیان سەبارەت بە ئاژانسى  (Expertise France) ڕایگەیاند کەوا ئەوان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان کار دەکەن و بەتایبەتیش سەرەتا پرۆژەیان لە شارى موسڵ دەبێت و هاوکات پشتگیرى لە بنیتنانەوەى عێراق دەکەن، کردنەوەى ئەم ئۆفیسەش کە لەسەر داواکارى وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسا بووە ماناى گرنگى دانى زیاترى حکومەتى فەڕەنسایە بە دووبارە بنیاتنانەوەى عێراق.
یەکەمین پڕۆژەشمان دووبارە بنیاتنانەوەى بەشى دەرونناسیە لە زانکۆى موسڵ لە کۆلیژى پزیشکى کە بۆ ئێمە ئەم جۆرە پرۆژانە بوارى سەرەکیە لە کارەکانمان کە لە (150) پڕۆژە نزیکەى (22) پڕۆژەمان دیارى کردووە بۆ ئەنجامدان . هاوکات کارەکانمان بە هاوکارى ئاژانسى پەرەپێدانى فەڕەنسى (AFD) و سەنتەرى کلتورى فەڕەنسیە کە هاوبەشمانن لە جێبەجێ کردنى پلانەکانمانز هەروەها بە هاوکارى لەگەڵ هەندێ ئاژانسى ئەوروپى دیکە وەک ئاژانشى (GIZ)ى ئەڵمانى.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێز ( ئێریک چوڤالیێ) بەڕێوەبەرى سەنتەرى قەیرانەکان و پشتگیرى بە وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسا ڕایگەیاند زۆر خۆشحاڵم کە لێرە ئامادەم چونکە ئەو بابەتەى کە ئیمەى لیرە کۆکردۆتەوە بریتیە لەوەى ئێمە چیرۆکێکى دوورمان لەگەڵ ئیوە هەیە و دەمانەوێ پەرە بەو پەیوەندیە دوو لایەنەیە بدەین ز ئێمە وەک حکومەتى فەڕەنسا پشتگیرى لە دووبارە بنیاتنانەوەى عێراق دەکەین کە کردنەوەى ئەم ئۆفیسە بەشێکە لەو پشتگیریەى ئێمە.
هاوکات بەڕێز سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم لە ووتەیەکیدا ئاماژەى بەوە دا کەوا ئەوان وەک حکومەتى هەرێم خۆشحاڵن بە کردنەوەى ئۆفیسى (Expertise France) لە شارى هەولێر و خۆشحاڵم بەشدارى دەکەم لە ڕاگەیاندنى ئەو پرۆژەیە کە سوودى بۆ هەموو عێراق هەیە، نەینەوا لەلاى ئیمە خۆشەویستە و ئەم بنیاتنانەوەیە سوودى بۆ هەموومان دەبێت، شارى موسڵ لە رووى زانستیەوە هەموو کات پێشکەوتوو بووە.
عێراق لە ساڵى (1961) ەوە بەردەوام لە ناخۆشى و ناسەقامگیرى دابووە و (61) ساڵە عێراق کیشە و ناخۆشى و ناسەقامگیرى بەخۆیەوە دەبینێ. ئەم بارودۆخەش کاریگەرى خراپى بەجێ هیشتووە لەلایەنى دەروونى بۆ خەڵکەکەى کە ئەمەش وا پێویست دەکا پێویستمان بە هاوکارى (Expertise France) هەبێت.
بەداخەوە لە هەفتەى ڕابردوو عێراق زنجیرەیەک خۆپیشاندانى بەخۆیەوە بینى کە توندتیژى لێکەوتەوە و دەیان کەس بوونە قوربانى لەم خۆپیشاندانانە. ئیمە وەکو حکومەتى هەرێم بە هەموو شێوەیەک پشتگیرى لە کابینەى بەڕێز عادل عبدالمهدى دەکەین، چونکە ئەو کێشانە، کێشەى چەندین سالى ڕابردوو بووە و چارەسەر کردنیشى وا بە ئاسانى نایەتە دى و پێویستى بەکات هەیە. من دڵنیام حکومەتى عێراقى دەتوانێت ئەم بارودۆخە تێپەڕێنێت.
ئەوەى لەلایەن (Expertise France) و ئاژانسەکانى دیکە پێشکەش دەکرێن جیگەى سوپاسە و بە تایبەت پیشتگیرى فەڕەنسا لە ڕووى سیاسی و سەربازى و دڵنیاین لە مانەوە و بەردەوامى ئیوە بە شێوەى زیاتر چونکە لە ڕۆژە سەختەکان فەڕەنسا پشتگیرى حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانى کردووە و ئێمە پێویستمان بەو جۆرە پشتگیرى و هاوکاریانە هەیە.
ئێمە دەمانەوێت وولاتان هاوکارمان بن لە گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ نواچەکانى خۆیان چونکە ئەوە ئازارى ئیمە دەدات کە دەبینین خەڵک ناچار دەکرین شوێنى خۆیان بەجێ بهیلن و ئاوارە ببن و ببنە پەنابەر لە ووڵاتان بۆیە هیواخوازین ڕۆژێک  بێت هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر شوێنى خۆیان
هەروەها بەڕێز (ئۆلیڤیێ دیکوتینیێ) کونسوڵى گشتى فەڕەنسا لە هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بەشێکى دیەکى پەیوەندیەکانمان لە بەشەکانى دیکەى پەیوەندى نێوان فەڕەنسا و عێراق و هەرێمى کوردستان دەکەینەوە، پەیوەندى ئێمە لە بارودۆخە خۆش و ناخۆشەکان بەردەوام بووە.
کردنەوەى ئۆفیسى (Expertise France) لە هەولێر بەهۆى پیدانى متمانە و لایەنى سەقامگیرى ئەمن و ئاسایشە و سوپاسی حکومەتى هەریم دەکەین لە هاوکارى و پاڵپشتى کردنمان، ئەم ئۆفیسە کار بۆ بەشەکانى دیکەى عێراق دەکات و پلان و بەرنامەى زۆرى هەیە لە چەندین بوارى جیاواز کە لە بەرژەوەندى هەموو لایەک دابێت.
لە کۆتاییدا برۆنۆ ئۆبێر باڵیۆزى فەڕەنسا لە عێراق لە وتارێکدا گووتى فەڕەنسا هیچ کات لە عیراق دوانەکەوتووە. هەمیشە لە سەرجەم بارودۆخەکان بوونى هەبووە. بەتایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆریستان لە چوارچێوەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى رۆلى بەرچاوى بینی. دواى ئازاد بوونى ناوچەکان فەڕەنسا دووبارە لە هەوڵى بەشدارى کردنە بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکان و گەڕاندنەوەى هاوڵاتیان بۆ جێگەو رێگەى خۆیان.
بەڕێز ماکرۆن سەرۆک کۆمار جەختى لەوە کردۆتەوە کە پەیوەندیەکانمان لە هەموو بوارێک لەگەڵ تەواوى عیراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە پەرە پێبدەین. ئەم ئاژانسە بۆ سەرتاسەرى عیراقە بارەگاى سەرەکى لە هەولێرەو سەر بە باڵیۆزخانەى فەڕەنسا لە بەغداو وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسایە . سوودى زۆرى دەبێت بۆ عیراق و یەکێتى ئەوڕوپاش دەتوانآ لێى سوودمەندبێت بۆ پڕۆژەکانى لە عیراق.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە