سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

چاوپێکەوتنی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ کونسوڵی نوێ فەرەنسا لە هەولێر

Alternate Text

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 8/9/2019 لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێز ئۆلیڤیێ دیکۆتینى، کونسولى گشتیى تازەى فەڕەنسا لە هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایى بەبۆنەى دەستبەکاربوونییەوە لە ئەرکى تازەیدا، هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و هەموو پشتگیرى و ئاسانکارییەکى بۆ دووپات کردەوە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ستایشى ڕۆڵى سەرۆک ماکرۆن و فەڕەنساى لە پشتگیریى هەرێمى کوردستان کرد و دووپاتى کردەوە کە گەلى کوردستان ڕێز و پێزانینى بۆ دۆستایەتى و پشتگیریى فەڕەنسا هەیە و خوازیارى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ فەڕەنسا.

بەڕێزیان هەروەها ئاماژەى بە ڕۆڵى سەرۆک ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا کرد لە پشتگیریکردنى هەرێمى کوردستان و هەوڵەکانى بۆ دەسپێکردنەوەى دیالۆگى هەولێر ـ بەغدا کە لە ئەنجامدا هەردوولا توانییان هەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنى هەندێ لە کێشەکان بنێن، هەوەرها پشتگیریى خۆى بۆ هەوڵەکانى فەڕەنسا لەپێناو چارەسەرکردنى ناکۆکییەکانى نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە کوردستانى سووریا دەربڕى.
لە دیدارەکەدا هەردوولا تیشکیان خستە سەر دۆخى ئەمنى، سیاسى و ئابووریى عێراق و جەختیان لە گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدرال بۆ پاراستنى ئاسایش و سەقامیگیرى بەتایبەتى لە ناوچە جێناکۆکەکان کردەوە.
بەڕێز کونسولى گشتیى فەڕەنسا لە هەولێر سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ هاوکاری و یارمەتییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئاوارە و پەنابەران دووپات کردەوە، هەروەها تیشکى خستە سەر سەردانى چاوەڕوانکراوى سەرۆکى فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە