سەرەکی
هەواڵ و چالاکییەکان ����������
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا پێشوازی جەژنی نەورۆزی لە ئەنجومەنی پیران کردەوە
لە ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٦، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، لە ڕێوڕەسمێکی شکۆدار، پێشوازی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی (٢٧٢٦)ی لە تەلاری ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا (سێنات) ڕێکخست. پێشوازیەکە بە سەرپەرشتی سێناتۆر کریستیان کامبۆن، سیناتۆری ڤال دو مارن و نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەنجومەنی پیران بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بە ئامادەبوونی چەندین دیپلۆماتکار و سێناتۆر و بەرپرسی باڵای حکومەتی فەرەنسی و بیانی و چەندین کەسایەتی دیاری ئەکادیمی و رێکخراوەی و نوخبەی کۆمەڵگای فەرەنسی و دیاسپۆرای کوردی بەڕێوەچوو.
سەرەتای پێشوازییەکە بە زنجیرەیەک وتاری فەرمی دەستیپێکرد، کە تێیدا جەخت لە گرنگیی پەیوەندییە مێژوویی و دۆستانەییەکانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان کرایەوە. بەڕێزان کریستیان کامبۆن، ڕێمی فێرۆ (سیناتۆری پاریس و جێگری سەرۆکی گروپی تێڕامان و هاوکاری لەگەڵ پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد لە سێنات)، ئارنۆ نگاتچا (جێگری سەرۆکی شارەوانی پاریس)، ئەسعەد تورکی سواری (نوێنەری عێراق لە یونسکۆ)، ثائیر ئەلجومەلی (بەرپرسی کاروبارەکان لە باڵیۆزخانەی عێراق)، لیۆن هۆڤنانیان (سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانیی تێکۆشەرانی دێرینی ئەرمەنی) و دواجار عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، وتەیان پێشکەش کرد. هەمووان ئاماژەیان بە پیرۆزی جەژنی نەورۆز وەک جەژنی نوێبوونەوە، ئاشتی و هیوا کرد و جەختیان لە گرنگیی دیالۆگ و هاوکاری نێوان گەلان کردەوە و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەوەی کە ڕێورەسمی نەرورۆز لە نێو جەرگەی سێناتی فەرەنسا، یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەکانی دەسەڵاتدانان لە کۆماری فەرەنسا، دەکرێتەوە.
لایەنی کولتووریش بەشێکی سەرەکیی ئەم پێشوازییە بوو. میوانەکان چێژیان لە نمایشی مۆسیقای هونەرمەندی کورد ڕۆشەن فیلیزتەک وەرگرت، کە وەک مۆسیقاژەن و ئاوازدانەرێکی دیار، چەند پارچە مۆسیقایەکی ڕەسەنی کوردی پێشکەش کرد. پاشان، تیپی هەڵپەڕکێی "کۆما ئازادی" بە نمایشە ناوازەکانیان بە جل و بەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە، جوانیی و دەوڵەمەندیی هەڵپەڕکێی کوردییان نیشانی ئامادەبووان دا. هەڵپەڕکێیەک کە گوزارشت لە شادی، تەبایی و گیانی هەرەوەزی دەکات کە نەوە دوای نەوە لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دەپارێزرێت.
کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە خوانی ئێوارە و کاتێکی پڕ لە گفتوگۆی دۆستانە لە نێوان میوانەکاندا تەواو بوو. ئەم پێشوازییەی نەورۆز بووە دەرفەتێکی زێڕین بۆ ناساندنی دەوڵەمەندیی کولتووری کورد و بەهێزکردنی پردەكانی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا.
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە