سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان ����������

رێوڕەسمی ڕێزلێنان لە خاتوو ئان هیدالگۆ لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان

Alternate Text

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا لە ڕۆژی بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان، ڕۆژی دایک، لە ڕێکەوتی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ڕێورەسمێکی سازکرد کە تێیدا ڕێزلێنانی ئاڕاستەی خاتوو ئان هیدالگۆ شارەداری پاریس کرد لە پای ئەو خزمەت و هەوڵ و دۆستایەتییە بەهێزەی لە ماوەی دوانزدە ساڵی شارەدارێتی دا پێشکەش بە گەل و نەتەوەی کورد و هەرێمی کوردستانی کردووە.

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی نزیکەی سەد میوان سازكرا، کە نوێنەرایەتی کایە سیاسی و کولتووری و ئەکادیمییە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستانی و فەرەنسیان دەکرد.

لە سەرەتای رێوڕەسمەکە، بەرهەمێکی دۆکیومێنتی ڤیدیۆیی کە لەلایەن کوردستان کرۆنیکەڵ ئامادەکرابوو بۆ رێوڕەسمەکە، لەبارەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان و مێژووی ئاڵای کوردستان و نمایشی شار و شارۆچکەکانی کوردستان پاشان ڕۆژی کردنەوەی ڕێگای پێشمەرگە لە پاریس لەلایەن بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانییەوە لە رێکەوتی ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥، پێشکەش کرا.

دواتر هەر یەکە لە بەڕێزان ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئەنستیتوتی کوردی لە پاریس، ڕێمی فێرۆ، سێناتۆری فەرەنسی و دۆستی نزیکی کورد و پێشەنگی هەوڵی بە ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدییەکان لە پەرلەمانی فەڕەنسا، ژیلبێر میتەران، سەرۆکی پێشووی فاوندەیشنی دانیاڵ میتەران و کوڕی دانیاڵ میتەران و دۆستی کورد، ئارنۆود ئینگەچە، جێگری سەرۆکی شارەوانی پاریس بۆ کاروباری ئەوروپا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و فرانکۆفۆنییەکان پاشان عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ووتاری خۆیان پێشکەش کرد. بەرێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڕێز مەسرور بارزانی، ئامادەیی هەبوو لە مەراسیمەکەدا و سوپاس و پێزانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاڕاستەی خاتوو ئان هیدالگۆ بە تایبەتی و گەلی فەرەنسا بە گشتی کرد بۆ هەموو ئەو هەوڵ و کۆششانەی دراون بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوردستان لە ڕابووردووەوە هەتاوەکو ئێستا.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، دوای ئەوەی زنجیرە فۆتۆ دۆکیومێنتی مێژووی چەند ساڵەی خاتوو ئان هیدالگۆی لەگەڵ گەلی کورددا خستەڕوو هەر لە ٢٠١٤ ەوە هەتاوەکو ئێستا، هەروەها ئامانجی ڕێکخستنی ئەم ڕێزلێنانەی لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا خستەڕوو. نوێنەری حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە کورد هەوڵ و ماندبوونی دۆستانی لەسەر پرس و دۆزی کورد لەبیرناکات ئەمڕۆکە بە هەوڵی شارەداری پاریس ڕێگایەک لە نێو شاری پاریس بەناوی پێشمەرگەیە، هەولێر ئەندامی فێدراسیۆنی شارە فرانکۆفۆنییەکانە و هەبوونی ڕێککەوتنێکی هەماهەنگی لە نێوان پاریس و هەولێر لە کارادایە، ماڵێکی کولتوری لە قەڵای هەولێر بەناوی ماڵی پاریس لە کردنەوە و نۆژەند کردنەوەدایە. ڕۆژی ئاڵای کوردستان وەک سەمبولی ئازادی و شکۆی نەتەوەی کورد و یەکگرتووی خاکی کوردستان گرنگییەکی قوڵی هەیە، رێزلێنان لە دۆست و فیگورێکی سیاسی و بەرپرسێکی فەڕەنسی لەم ڕۆژەدا هێمایەکە بۆ جەختکردنەوە لە بەهێزی پەیوەندی نێوان فەرەنسا و کوردستان و بەها کولتوری یەکانی کورد لەبەرامبەر یاوەرانی دا.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکە، چەند گۆرانیەکی کوردی لەلایەن هونەرمەند نازدار جزیری پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و میوانان بە خواردن و ئاهەنگ و میوانداری کورد ئاشناتر بوون.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە