بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی ڕێزلێنان بۆ جیرارد شالیان، بیرمەند و دۆستی نزیکی گەلی کورد
لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە شاری پاریس، ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان بۆ جیرارد شالیان، بیرمەند و زانای جیۆپۆلیتیکی فەرەنسی بەڕێوەچوو. مەڕاسیمەکە لەلایەن ئەنیستیتیوتی کوردی پاریسەوە ڕێکخرابوو. ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیر و دۆستانی کورد بەشداری ئەو مەڕاسیمە بوون.
لە میانەی مەراسیمەکەدا بەڕێز عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، پەیامی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە کە بۆ ئەو یادە ئاراستەی کردبوو کە ئەمە دەقەکەیەتی :
"بەڕێزان، میوانانی ئازیز،
ئەمڕۆ بە خەمێکی قوڵەوە یادی جیرارد شالیان، بیرمەند و لێکۆڵەری دیاری فەرەنسی دەکەینەوە، کە ژیانی خۆی بۆ گەڕان بەدوای ڕاستی و لێکۆڵینەوە لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان و لە گەلانی خەباتگێر بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان تەرخان کرد. شالیان دۆستێکی دڵسۆز و نزیکی دۆزی گەلی کوردستان بوو، کە بە پەرۆشیەکی زۆرەوە پاڵپشتی دەکرد.
ئەو بە درێژایی ژیانی دەنگێکی بەهێز و پاڵپشتیکەر بووە بۆ دادپەروەری. گەواهیدەری ئازار و ئاواتەکانی کورد بوو، لە هەمان کاتیشدا گەیێنەری پەیامی ماندوونەناسی دۆزی ئێمە بوو کە توانی دەنگی ئێمە بگەیەنەتە بازنەی ناوەندە رۆشنبیری و سیاسییەکانی جیهانی رۆژئاوا، لە کاتێکدا کە دەنگی ئێمە کپ کرابوو. نووسین و لێکۆڵینەوەکانی رۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە تێگەیشتن لە خەباتی پێشمەڕگە و هاوکار بوون لە دەرخستنی ڕەوایی دۆزی ئێمه له بەرامبەر زۆرداری و ستەم.
گەلی کوردستان هەمیشە بە ڕێز و پێزانینێکی قووڵەوە یادی جیرارد شالیان دەکەنەوە و وەک دۆستێکی ڕاستەقینە سەیری دەکەن کە هەرگیز سڵی نەدەکردوە لە بەرزکردنەوەی دەنگی گەلانی ستەملێکراو بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری.
بە ناوی خەڵکی کوردستان و خۆمەوە پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و دۆستان و هەروەها کۆمەڵگەی ئەکادیمی و ڕۆشنبیری فەڕەنسا و دەرەوەی وڵات دەکەم.
ڕۆحی شاد بێت. هیواخوازم کە خێزان و خۆشەویستانی لەم کاتە سەختەدا هێز و ئاسوودەیی و دڵنەوایی بدۆزنەوە.
ماڵئاوا هاوڕێی ئازیز. یادی ئێوە بۆ هەمیشە لە دڵی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥"
جیرارد شالیان، لە ١٥ی شوباتی ١٩٣٤ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لەدایکبووە. نوسەر و بیرمەند و زانایەکی دیاری بواری جیۆپۆلیتیک بوو. هەر لە سەرەتای تەمەنیەوە خولیای زمان، مێژوو و سیاسەتی بزووتنەوە رزگاریخوازەکان بوو و بەشێکی زۆری لێکۆڵینەوەکانی خۆی بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان لە سەرانسەری جیهان تەرخان کردبوو، لەوانەش دۆزی ڕەوای کورد، کە هەمیشە بە ڕوونی و قەناعەتەوە بەرگریی لێدەکرد.
شالیان بڕوانامەی دکتۆرای لە کۆمەڵناسیی سیاسی لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس بەدەستهێناوە لە تایبەتمەندی شۆڕشەکانی جیهانی سێیەم. لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە پابەند بووە بە سەرخستنی دۆزی گەلی کورد و هاوبەشی دامەزراندنی کۆمەڵەی فەرەنسا-کوردستان (١٩٧٣-١٩٨٣) بووە، پێش ئەوەی ببێتە ئەندامێکی کارای ئەنستیتیوتی کوردی پاریس. شالیان چەندین کاری مەیدانی لە کوردستان ئەنجامداوە و خاوەنی چەندین کتێبە لەسەر کورد، لەوانە بەدبەختی کورد، بەرهەمی بەکۆمەڵی کورد و کوردستان و ئەنتۆلۆژیای شیعری باوی کوردی، کە هەموو ئەمانە بەرهەمی گرینگن کە بەشدارییان کردووە لە هۆشیارکردنەوە لە دۆزی کورد لە دەرەوەی کوردستان.
لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠٢١، شالیان لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر وانەبێژ بوو و پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ دامەزراوە زانستی و ئەکادیمییەکانی کوردستان هەبووە.
لە جیهانێکدا کە زۆرجار دەنگی گەلانی بێ دەوڵەت پەراوێز دەخرا، جیرارد شالیان دەنگێکی ڕوون و توند و بوێر بوو. ئەو بوو کە دەستەواژەی "دژە کوردایەتی" یان "کوردۆفۆبیا"ی بۆ ئیدانەکردنی سیاسەتەکانی سەرکوتکردن و نکۆڵیکردنی ناسنامە داهێنا کە کورد لە چەند وڵاتێکی ناوچەکەدا تووشی ببوو.
جیرارد شالیان، لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٥ و لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا، لە شاری پاریس کۆچی دوایی کرد.