سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا پێشوازی جەژنی نەورۆزی لە گەورە شارەوانی پاریس سازکرد

Alternate Text

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بە هاوبەشی لەگەل شارەوانی پاریس، پێشوازی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە تەلاری شارەوانی پاریس (هۆتێل دو ڤیل) سازکرد.

پێشوازییەکە ئێوارەی رۆژی ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ میوان بەڕێوەچوو و ئامانج لێی تیشک خستنە سەر میرات و کولتووری کوردستانی و قولکردنەوەی پەیوەندی دۆستایەتی فەرەنسی - کوردیی و بەدەستهێنانی پشتیوانی زیاتری ‌‌حکومەتی فەرەنسی و گەلی فەرەنسا بوو. 

ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتار و سیناتۆری فەرەنسی و سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی کوردی و فەرەنسی و ڕەوەندی کوردستانی ئامادەی مەراسیمەکە بوون لە نیوانیشیاندا، ئومێد خوشناو، پارێزگاری هەولێر و شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە، د. وەدیع الباتی، بالیوزی عێراق لە فەرەنسا، رێمی فێرۆ، بەرپرسی مەلەفی کوردی لە ئـەنجومونی پیرانی فەرەنسا (سێناتی فەرەنسا)، توما پورت، سەرۆکی گروپی هەماهەنگی و لێکۆڵینەوەی کوردی لە پەرلەمانی فەرەنسا، کریستیان کامبون، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئـەنجومونی پیرانی فەرەنسا.

لە میانی وتاری دەستپێکیدا، ئـارنـود نـیـگـاچـا، جێگری سەرۆکی شارەوانی شاری پاریس و بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و فرانکۆفۆنی لە شارەوانی پاریس، بە بۆنەی نەورۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی کورد کرد. دواتر ناوبراو ئەو پەیوەندیە دۆستایەتییە دێرینەی وەبیرهێنایەوە کە فەرەنسا بە کوردستانەوە دەبەستێتەوە و بە گرنگیەوە باسی لە یـاداشـتـنـامـەی دەسـتـەخـوشـکـی ھـەولـێـر - پـاریـس کرد کە لە نـاوەڕاسـتـی مـانـگـی تـەمـمـوزی سـاڵـی ٢٠١٩ واژووکراوە و پابەدی شارەوانی پاریسی بەو یاداشتنامەیە دووپاتکردەوە و هیوای خواست کە پەیوەندیە دوولایەنەکان لە نێوان کوردستان و فەرەنسا قوڵتر بێتەوە.

دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراو وێرای گەیاندنی پێزانینی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمەر ئەنجامدانی ئەو پێشوازییە مێژووییە لە جەژنی نەورۆز لە تەلاری شارەوانی پاریس، سوپاسی پشتگیری و هاوکارییە بەردەوامەکانی حکومەت و گەلی فەرەنسای کرد بۆ هەرێمی کوردستان لەکاتە سەختەکاندا، بەتایبەتی لە شەری دژی تیرۆر و تێکشکاندنی داعش.

لە درێژەی وتارەکان، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەنجومەنی پیران بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سێناتۆر کریستیان کامبۆن، دۆستی گەورەی کورد، لە وتەیەکدا پابەندبوونی تەواوی فەرەنسای بە هەرێمی کوردستان و عێراق دووپاتکردەوە و بە گەرمی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ نوێنەر و تیمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەربری و بە نمونەیی ناوی برد.

لە کۆتایی دا هەریەکە لە د. وەدیع الباتی، باڵیۆزی کۆماری عێراق لە فەرەنسا و د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا وتەیەکیان پێشکەش کرد و وێرای پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز، سوپاسی سەرجەم میوانانیان کرد بۆ ئامادەبوونیان لە بۆنەکە.

جێگای ئاماژەییە کە ئەمە یەکەمین جارە کە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا پێشوازیکردنێکی تایبەتی لەو شێوەیە بۆ بەرزڕاگرتنی جەژنی نەورۆز لە شارەوانیی گەورەی پاریس ساز دەکات. 

جگە لە گوتارەکان، میوزیک و فۆلکلۆری کوردستانیش لە مەڕاسیمەکە پێشکەش بە ئامادەبوان کرا. دڵشاد سەعید، ژەنیار و ئاوازدانەری بەنێوبانگی کورد بە ژەنینی چەند میوزکێکی کوردی ئێوارەکەی زیاتر ڕازاندەوە. 

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە