سەرەکی
هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ
ڕێوڕەسمی سەدەمین ساڵیادی لەدایکبوونی دانیال میتران : ڕێزلێنانێک بۆ پابەندبوونی بە دۆزی کورد
ڕۆژی ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە شاری هەولێر، کونسوڵخانەی گشتی فەرەنسا ڕێوڕەسمی سەدەمین ساڵیادی لەدایکبوونی خاتوو دانیێل میتران، کەسایەتیی ناودار و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و دۆزی کورد و هاوسەری فرۆنسوا میتران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا، سازکرد. دانیال میتران بە درێژایی تەمەنی وزەییەکی زۆری بۆ پاراستنی مافەکانی کورد تەرخان کردووە و هاوکار بووە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.
خانمی یەکەمی فەرەنسا لە نێوان ساڵانی ١٩٨١ بۆ ١٩٩٥، چالاکوانێکی کاریگەر بووە بۆ بەرگری کردن لە گەلانی ستەملێکراو، بە تایبەتیش گەلی کورد. خەبات و شوێنپەنجەی دانیال میتێران لە پشتیوانییەکانی بۆ کورد لە مێژووی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و کورد بە ڕوونی دیارە.
لە دوای جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١، پشتیوانییەکانی دانیال میتران بۆ کورد چڕتر بووەوە، کاتێک کوردەکانی باشور لەلایەن ڕژێمی پێشووتری سەدام حوسێنەوە گۆشەگیر کران. ئەو لە ڕێگەی هەوڵەکانییەوە توانی سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ ئازارەکانی کورد ڕابکێشێت و ڕۆڵی سەرەکی بینی لە بڕیاری 688 کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ كورد دەرچوو لەسەر داوای وڵاتی فەرەنسا کە تیایدا ناوچەی دژە فڕین و ناوچەی ئارامی(هێلی 36) دەستیشانکرا. هەروەها ئاسانکاری بۆ ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکرد بۆ کوردەکان، لەوانەش ناردنی کتێبی خوێندن و کەرەستەی ئاوەدانکردنەوە بۆ بنیاتنانەوەی کوردستان.
ساڵی ١٩٩١، دانیێل میتران چەندین گەشتی بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان ئەنجامدا. بێ باک لە مەترسیەکان بۆ سەر ژیانی، سنووری عێراقی بەزاند بۆ ئەوەی چاوی بە سەرکردە کوردەکان بکەوێت، وەک مەسعود بارزانی و پشتیوانی خۆی بۆیان دووپات بکاتەوە. جگە لە پشتیوانیە مرۆییەکان، خانمی یەکەمی فەرەنسا کاری بۆ ئاشتەوایی نێوان پارتە کوردیەکانیش دەکرد و پاڵپشتی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکرد کە ئامانج لێی دامەزراندنی کوردستانێکی ئۆتۆنۆم و دیموکراسی بوو.
مەراسیمەکەی هەولێر ژمارەیەکی بەرچاوی لە کەسایەتی کورد و فەرەنسی کۆکردەوە، لەنێویاندا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی کوردستان، کە وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، "کە بە ڕاستی ئەو خانمە مافێکی زۆری لەسەر ئێمەی خەڵکی کوردستان هەیە. رۆڵێکی زۆر زۆر گەورەی بینی لە بەرگریکردنی دۆزی گەلی کورد، هەرچی لە توانای دابوو کردی و من دڵنیام دەیویست زۆر زۆر زیاتر بۆ کورد بکات بەڵام دیارە مەجاڵ هەر هێندە بوو". دواتر لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە "خۆمان بە قەرزای خاتوو میتران دەزانین. تا ئەو کاتەی کۆچی دواییشی کرد، دۆزی گەلی کوردستان، لە کارە پێشینەکانی بووە". هەروەها لە مەڕاسیمەکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران ئامادەبوون و جەختیان لەسەر گرنگی ئەم ڕێزلێنانە کردەوە.
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە