سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵەکان

پانۆڕامای دیدار و چالاکییەکانی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پاریس

Alternate Text

بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان، بەڕێز سەفین دیزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پاریسی کرد و لەماوەی پێنج رۆژی مانەوەیدا جگە لە بەژداری کردنی کۆڕبەندەکە چەندین دیدار و چالاکی جۆراوجۆری هەبوو.

۲٣ ئەیلولی ۲٠۲٤ :

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٤، بەڕێز سەفین دیزەیی بەژداری لە کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان کرد کە لە بارەگای ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مێدێف لە پاریس بەڕێوەچوو. کۆربەندەکە، کە بۆ دووەم جارە بەڕێوە دەچێت لەوەتەی سالی ٢٠١١ وە، لە لایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مێدێف (بزاوتی بازرگانی فەرەنسی -MEDEF International ) و دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخرا بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان. 

شاندێکی باڵای حکومەت یاوەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتیان کرد بۆ بەشداری کردن لەم کۆڕبەندە گرنگە کە پێکهاتبوون لە:

- بەڕێز کەمال موسلیم سەعید، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی
-  د. محمد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان
- بەڕێز بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
- بەڕێز گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر
- بەڕێز مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر
- بەڕێز نەوزاد غەفور کەریم، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی
- بەڕێز بورهان عەلی عەبدوڵڵا ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی

لە دەستپێکی کۆربەندەکە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم وتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر هەنگاو و پلانەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بە هەمە چەشن کردنی ئابووری و داهاتی هەرێم. وە ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئابووری هەرێم لە پشت بەستن تەنها بە نەوت و گازەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناخێکی دیكە ئەویش هەمە لایەن کردنی ئابووری و داهاتی هەرێمە. ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجی حکومەتی هەرێم گەشەدانە بە ئابووری هەرێم و لەو سۆنگۆیەشەوە داوای لە سەرمایاداران و دۆستانی هەرێم لە فەرەنسا كرد کە بەیەکەوە کار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بکەن و هاریکار بن بۆ ئەوەی سوود لە شارەزاییەکانیان وەربگیرێت و بەیەکەوە بتوانین ئابوورییەکی تۆکمە دروست بکەین. لە درێژەی قسەکانی دا بەڕێز سەفین دزەیی ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کرد و سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسای کرد. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ قونسوڵخانەی فەرەنسی و قونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر دەربری و ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان باوەریان بە کاری پێکەوەیی هەیە و ئەیانەوێ پەیوەندی ئابووری و بازرگانی کاریگەر دروستبکەن لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ئەو پەیوەندیە کاریگەرانەی کە لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنیدا لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان بونیان هەیە. لە کۆتایی دا هیوای خواست کە ئەم کۆربەندە ڕێگەخۆشکەربێت بۆ ڕاکێشانی سەرمایەداران و کۆمپانیا فەرەنسیەکان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

دوای کۆتایی هاتنی کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان کە لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٤، لە بارەگای ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مێدێف بەڕێوەچوو، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا پێشوازییەکی شایستەی لە پاریس سازکرد. بۆنەکە لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ و بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٠٠ میوان بەڕێوەچوو و ئامانج لێی کۆکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارە جۆراوجۆرەکانە بۆ دروستکردنی دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان لە کوردستان و هاندانی ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانییە لە نێوان فەرەنسا و کوردستان. کەشێکی لەبار بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕەکان تایبەتمەندی ئەم بۆنەیە بوو. خاوەنکاران و دیپلۆماتکاران و سیاسەتمەداران و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی کورد و فەرەنسی و نزیکەی پەنجا کۆمپانیای کوردی و فەرەنسی لە کەشێکی دۆستانەدا کۆبوونەوە. سەرەتا بەڕێز عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بەخێرهاتنی میوانانی کرد و سوپاسی ئامادەبوانی کرد بۆ بەشداری کردن لە کۆربەندەکە. دواتر بەڕێز سەفین دیزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێکخەران و وتاردەرانی کۆربەند و بەشداربوان دەربڕی. ناوبراو تیشکی خستە سەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کوردستان و پشتیوانی فەرەنسای لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بەرزنرخاند. هەروەها تیشکی خستە سەر سوودە هەمەلایەنەکانی پەیوەندییەکانی فەرەنسا-کوردستان و خواستی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە کارکردنی پێکەوەیی بۆ داهاتوویەکی ئومێدبەخش دووپاتکردەوە.

۲٤ ئەیلولی ۲٠۲٤ :

لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی باڵای حکومەت کە پێکهاتبوون لە د. محمد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و کمال موسلیم سەعید قەرەنی، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر و نوزاد غفور کریم، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا پێشوازیان لێکرا.
ئەم سەردانە دەرفەتێک بوو بۆ خستنەرووی کارو چالاکیەکانی نوێنەرایەتی و چۆنیەتی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیە دەرەکیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەرپرسی فەرمانگە جەختی لە گرنگی رۆڵی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کردەوە لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەکانی نێوان وڵاتی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان.

هەر لە هامان ڕۆژ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز سەفین دزەیی و شاندی یاوەری، سەردانی باڵوێزی عێراقیان کرد لە فەرەنسا، د. وديع بتی. بەیەکەوە تاووتوێ بارودۆخی ئەمڕۆی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدادیان کرد و بە گرنگەوە لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ڕوانی. نوێنەرانی کورد جەختیان لە گرنگی پاراستنی دیالۆگێکی بنیاتنەر لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق کردەوە بۆ بەرەوپێشبردنی هاریکاری و سەقامگیری ناوچەکە. 

۲٥ ئەیلولی ۲٠۲٤ :

لە سێیەم ڕۆژی سەردانەکەی، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا، لەگەڵ ئـارنـود نـیـگـاچـا، جێگری سەرۆکی شارەوانی شاری پاریس و بەرپرسی ئەوروپا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و فرانکۆفۆنی، کۆبووەوە. لە کۆبونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی یاسادانانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان پاریس و هەولێر لەبوارەکانی ئابووری و بازرگانی و ڕۆشنبیری.



دواینیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، بەڕێز سەفین دزەیی، بە یاوەری د. عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەڕەنسا سەردانی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا (سەنات)ی کرد و لەلایەن خاتوو کاترین دوماس، جێگری سەرۆکی کومسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران پێشوازی لێ کرا. لەمیانی سەردانەکەی، ڕەوشی هەرێمی کوردستان و پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە تاوتوێ کرا و تیشک خرایە سەر هەڵبژاردنی یاسادانانی داهاتووی کوردستان و بە دەرفەتێکی بەنرخ ناوزەندکرا بۆ گەڕاندنەوەی شەرعیەت بۆ پرۆسەی دیموکراسیی لە کوردستان و و جەختیان لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف کردەوە.

۲٦ ئەیلولی ۲٠۲٤ :

لە چوارەم ڕۆژی سەردانەکەی، بەڕێز سەفین دزەیی، بە یاوەری د. عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەڕەنسا دیدارێکی بەرهەمداریان لەگەڵ بەڕێز داڤید بێرتۆلۆتی جێگری سکرتێری گشتی وەزارەتی ئەوروپا و دەرەوەی فەرەنسا ئەنجامدا. لە دیدارەکە تیشک خرایە سەر چەندین بابەتی چارەنووسساز پەیوەست بە ناوچەکە و کاردانەوەکانی لەسەر کوردستان. هەروەها باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا و تیشک خرایە سەر گرنگی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و هاوکاری نێوان هەردوو قەوارەکە. خاڵێکی تری ئاڵوگۆڕەکە پەیوەست بو بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی یاسادانانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان و گرنگی زامنکردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و شەفاف، لەپێناو بەهێزکردنی دیموکراسی و شەرعیەتی دامەزراوە سیاسییەکان.

دواتر بەڕێز سەفین دزەیی، بە یاوەری د. عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەڕەنسا سەردانی بەڕێز کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردیان کرد لە پاریس و گفتوگۆیان کرد دەربارەی کار و چالاکیە گرنگەکانی ئینستیتیوتی کوردی. هەروەها هەوڵ و پابەندبوونی ئینستیتیوتی کوردیان بەرز نرخاند کە بێ دابڕان بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاردەکات بۆ ناساندن و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد.

۲٧ ئەیلولی ۲٠۲٤ :

لە کۆتا ڕۆژی سەردانەکەی و بەیاوەری تیمی ئۆفیسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بەڕێز سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە کۆنفرانسێکی گرنگ کرد لەژێر ناونیشانی: "ژنانی عێراقی: لە نێوان یەکسانیبوون، خۆڕاگری و ڕزگاری"، کە بە هاوبەشی لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی فەرەنسی لەسەر عێراق (CFRI) و رێکخراوی (Vision Education) ڕێکخرابوو ، لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ لە تەلاری ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا لە پاریس.

ئەم کۆنفرانسە بەرهەمی پڕۆژەیەکی بەرفراوانی توێژینەوەیە کە بۆ ماوەی ١٨ مانگ کاری لەسەر کراوە. لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکە بارودۆخی ژنان لە عێراقدا بەشێوەیەکی گشتی لێکۆڵینەوەی لەسەرکراوە و چاوپێکەوتن و ڕاپرسی و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ کۆکردنەوەی داتا ئەنجام دراوە. ئامانجی کۆنفرانسەکە خستنەڕوو و گفتوگۆکردنە لەسەر ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە لە هەمان کاتدا دەستپێکردنی دیالۆگە لە نێوان ژنانی عێراقی و کورد کە لەو بوارەدا چالاکن لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکانیان.

لە میانی وتاری دەستپێکی کۆنفرانس، بەڕێز سەفین دزەیی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکی و گفتوگۆیانە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان و بەدەستخستنی مافەکانیان لە عێراق و لە کوردستان.

بە کۆتایی هاتنی کۆنفرانسەکە، سەردانەکەی بەڕێز سەفین دیزەیی بۆ پایتەختی فەرەنسا کۆتایی هات. سەردانێکی چر و پر لە کۆبوونەوەی دیپلۆماسی گرنگ کە پەیوەندییەکانی فەرەنسا و کوردستان بۆ ئاستێکی بەرزتر دەگوازێتەوە.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە