سەرەکی
هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ
پێشوازی تایبەت بە خاوەنکاران - دروستکردنی دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان - پاریس
دوای کۆتایی هاتنی کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان کە لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٤، لە بارەگای ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مێدێف بەڕێوەچوو، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا پێشوازییەکی شایستەی لە پاریس سازکرد. بۆنەکە لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ و بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٠٠ میوان بەڕێوەچوو و ئامانج لێی کۆکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارە جۆراوجۆرەکانە بۆ دروستکردنی دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان لە کوردستان و هاندانی ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانییە لە نێوان فەرەنسا و کوردستان. کەشێکی لەبار بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕەکان تایبەتمەندی ئەم بۆنەیە بوو. خاوەنکاران و دیپلۆماتکاران و سیاسەتمەداران و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی کورد و فەرەنسی و نزیکەی پەنجا کۆمپانیای کوردی و فەرەنسی لە کەشێکی دۆستانەدا کۆبوونەوە.
سەرەتا بەڕێز عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بەخێرهاتنی میوانانی کرد و سوپاسی ئامادەبوانی کرد بۆ بەشداری کردن لە کۆربەندەکە. دواتر بەڕێز سەفین دیزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێکخەران و وتاردەرانی کۆربەند و بەشداربوان دەربڕی. ناوبراو تیشکی خستە سەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کوردستان و پشتیوانی فەرەنسای لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بەرزنرخاند. هەروەها تیشکی خستە سەر سوودە هەمەلایەنەکانی پەیوەندییەکانی فەرەنسا-کوردستان و خواستی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە کارکردنی پێکەوەیی بۆ داهاتوویەکی ئومێدبەخش دووپاتکردەوە.
لە وتارەکانی بەڕێز یان برایم کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر و بەڕێز ودیع ئەلبتی باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا، تیشک خرایە سەر گرنگی کۆڕبەندی ئابووری فەرەنسا-کوردستان و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی بۆ ناوچەکە.
ئەم چالاکییە هەروەها دەرفەتێک بوو بۆ ناساندنی کۆمەڵەی خاوەنکارانی فەرەنسی-کوردی کە بەم دواییە لەلایەن خاوەنکاران و بازرگانانی کوردەوە دروستکراوە بە ئامانجی پێشکەشکردنی هاوکاری و هاندانی هاونیشتیمانیان بۆ دروستکردنی کار و کۆمپانیای تایبەت بەخۆیان و کارکردن بەشێوەی تۆڕێکی فەرەنسی-کوردی کاریگەر بە ئامانجی سود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتری.
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە