کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان لە پاریس - ٢٣ ئەیلولی ٢٠٢٤
ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٤، کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان لە بارەگای ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مێدێف لە پاریس بەڕێوەچوو. کۆربەندەکە، کە بۆ دووەم جارە بەڕێوە دەچێت لەوەتەی سالی ٢٠١١ وە، لە لایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مێدێف (بزاوتی بازرگانی فەرەنسی -MEDEF International ) و دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخرا. ئامانج لەم کۆربەندە پرەودانە بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و خستنەرووی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ هەمە چەشن کردنی ئابووری و داهاتی هەرێم وهاندانی سەرمایەدارانی فەرەنسیە بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
ئەم کۆڕبەندە، کە ماوەی ڕۆژێکی خایاند، بە سەرۆکایەتی و سەرپەرشتی بەڕێز فیلیپ گوتیێ، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مێدێف و بەسەرپەرشتی و پاڵپشتی بەرێز سەفین دزەیی، وەزیر و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێز لۆدۆڤیک پوی، بەرپرسی سیاسەتی ئابووری لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بەڕێوەچوو.
کۆڕبەندەکە لە سێ پانێلی جیاواز پێکهاتبوو. هەر سێ پانێڵەکە لە لایەن بەرێز فیلیپ گوتیێ، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مێدێف بەرێوەبردرا.
سەرەتای کۆڕبەندەکە بە پێشوازی کردنی بەشداربوان دەستیپێکرد. دواتر وتاری دەستپێکی کۆڕبەند لە لایەن بەڕێز فیلیپ گوتیێ، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مێدێف پێشکەشکرا و تیایدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئامادەبوونی شاندی باڵای حکومەت و کۆمپانیاکان دەربڕی و بە گرنگەوە باسی لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە کۆڕبەندانە کرد. لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێز فیلیپ گوتیێ کورتەیەکی لەسەر کار و چالاکیەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مێدێف بۆ ئامادابوان باس کرد و ئامانجی کۆڕبەندەکەی بۆ ئامادەبوان خستەروو و خواستی خۆیانی بۆ دروستکردنی پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان فەرەنسا و کوردستان دەربری و ئاماژەی بەوە کرد کە فەرەنسا و کۆمپانیا فەرەنسیەکان لە ئێستادا ئامادەبوونێکی باشیان هەیە لە کوردستان بەڵام دەکرێت زۆر باشتر بکرێت بە تایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانیی. لە لایەکی تریشەوە خواستی خۆیانی بۆ سەردانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان نیشاندا لە داهاتووەکی نزیک.
پاشان بەڕێز لۆدۆڤیک پوی، بەرپرسی سیاسەتی ئابووری لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا وتارێکی پێشکەشکرد و سوپاسی شاندی حکومەتی هەڕێم و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مێدێفی کرد بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆربەندە. بەڕێز پوی ئاماژەی بەوەدا کە فەرەنسا، لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندی و باڵێننامانەی کە لەگەڵ عێراق و کوردستان هەیانە، پەیوەندی زۆر بەهێزی لەگەل هەرێمی کوردستان هەیە و بە گرنگەوە لە هەرێمی کوردستان دەروانێت و وەک هاوبەشێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەل دەکات. دواتر ئاماژەی بە ڕۆلی بەرچاوی قونسوڵخانەی فەرەنسا دا لە هەولێر لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان و رۆلی تیمەکانی قونسوڵخانەی فەرەنسی و قونسوڵی گشتی فەرەنسای لە هەولێر بەرز نرخاند. بەڕێز پوی هیوای خواست کە پەوەندی نوێ بەرهەمی ئەم کۆربەندە بێت و پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسای بۆ سەرخستنی هەر هەوڵێکی لەم شێوەیە دوپاتکردەوە. لە کۆتایی دا بەڕێز پوی ئاماژەی بەوەدا کە لە چەند مانگی داهاتوو لەگەل شاندێکی فەرمی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
دواتر بەڕێز سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم وتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر هەنگاو و پلانەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بە هەمە چەشن کردنی ئابووری و داهاتی هەرێم. وە ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئابووری هەرێم لە پشت بەستن تەنها بە نەوت و گازەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناخێکی دیكە ئەویش هەمە لایەن کردنی ئابووری و داهاتی هەرێمە. ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجی حکومەتی هەرێم گەشەدانە بە ئابووری هەرێم و لەو سۆنگۆیەشەوە داوای لە سەرمایاداران و دۆستانی هەرێم لە فەرەنسا كرد کە بەیەکەوە کار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بکەن و هاریکار بن بۆ ئەوەی سوود لە شارەزاییەکانیان وەربگیرێت و بەیەکەوە بتوانین ئابوورییەکی تۆکمە دروست بکەین. لە درێژەی قسەکانی دا بەڕێز سەفین دزەیی ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کرد و سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسای کرد. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ قونسوڵخانەی فەرەنسی و قونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر دەربری و ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان باوەریان بە کاری پێکەوەیی هەیە و ئەیانەوێ پەیوەندی ئابووری و بازرگانی کاریگەر دروستبکەن لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ئەو پەیوەندیە کاریگەرانەی کە لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنیدا لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان بونیان هەیە. لە کۆتایی دا هیوای خواست کە ئەم کۆربەندە ڕێگەخۆشکەربێت بۆ ڕاکێشانی سەرمایەداران و کۆمپانیا فەرەنسیەکان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
ناوەرۆکی کۆڕبەند : ناوەرۆکی کۆڕبەندەکە لە سێ پانێلی تایبەت پێکهاتبوو.
- پانێڵی یەکەم (٠٩:٣٠ تا ١٠:٣٠) :
پانێڵی یەکەم لەژێر ناونیشانی (ئاشنابوون بە توانا پیشەسازییەکان لە هەرێمی کوردستان و دیدگاکان بۆ گەشەسەندنی زیاتر لە هەرێمی کوردستان) بەرێوەچوو. بەژداربوانی ئەم پانێڵە بریتی بوون لە بەڕێزان کمال موسلیم سەعید، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لە حکومەتی هەرێم و بەڕێز جیرۆم دوگۆرس، سەرۆکی گروپی (Cleia)ی فەرەنسی و بەڕێز احمد ئەلسەعدون، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (Biotech).
سەرەتا بەڕێز کمال موسلیم هەنگاو و پلانەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی خستەڕوو بۆ رووبەرووبوونەوەی ئاستەنگەکان و بنیادنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز. هەروەها ئاماژەی بە هەموار کردنەوەی چەند یاسایەک و گرتنەبەری چەند ڕێکارێک کرد بە مەبەستی ئەنجامدانی کارئاسانی بۆ وەبەرهێنان لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی. بەڕێز کمال موسلیم ئاماژەی بە هەموارکردەوەی یاسای باج و لێخۆشبوونی گومرگی و خاوەنداریەتی پشکاکان کرد کە هاندەرە بۆ وەبەرهێنان لە کورستان. لە کۆتاییدا دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی لە بوارەکەنی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان خستەروو.
دواتر پانێلستەکانی تر کار و چالاکی و چیرۆکی سەرکەوتنی خۆیان بۆ ئامادەبوان باسکرد بەمەبەستی نیشاندانی چەند نمونەیەکی دیاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئەندازیاری و تەندروستی. پانێلستەکان کوردستانیان بە شوێنێکی ئارام و گونجاو بۆ وەبەرهێنان ناوزەند کرد. لە هەمان کاتیشدا ڕوونکردنەوەی وردیان لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەمیان خستە روو.
- پانێڵی دووەم (١٠:٣٠ تا ١١:٣٠) :
پانێڵی دووەم لەژێر ناونیشانی (پەرەپێدانی توانای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان – سەرنجخستنەسەر پرۆسەی بە شارنشینیکردنی درێژخایەن) بەڕێوەچوو. بەشداربووانی ئەم پانێڵە بریتی بوون لە د. محەمەد شوكری، سـەرۆکـی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز جیرارد وۆلف، سەرپەرشتیاری شارە بەردەوامەکان لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا و بەڕێز هیشام ئۆنتوان منعم، سەرۆکی کۆمپانیای (CERCIS) و د. دەبان حامد بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (visit kurdistan).
سەرەتا د. محەمەد شوكری، کورتەیەکی لەسەر کار و چالاکیەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر هەنگاوە گرینگەکانی حکومەتی هەرێم بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستان. ئەوەشی خستەروو کە بەردەوامن بۆ دووبارە گەشەدان بە ئابووری هەرێم سەرەڕای ئەوەی کە لە دوایین پێنج ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان بە ژمارەیەك تەنگژە تێپەڕ بووە کە کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ئابووری هەرێم دروستکردووە. لە درێژەی قسەکانیدا د. محەمەد ئاماژەی بەوەدا کەوا ژمارەیەك هەنگاوی ستراتیژی نراون بەمەبەستی ڕێگە خۆشکردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان وەکو یاسای خاوەنداریەتی پشکەکان و یاسای پارێزگاری کۆمپانیاکان و یاسای تەرخانکردنی زەوی بۆ وەبەرهێنان و هتر. ئامادەیی خۆیانیشی نیشاندا بۆ بەهەندوەرگرتنی هەر هەوڵێکی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان. لەکۆتایی دا ئاماژەی بەوەدا کە کار لەسەر کەمکردنەوەی ڕێکار و هەنگاوەکان دەکەن بەمەستی کارئاسانی و خێراکردنی مامەڵەی کۆمپانیاکان.
دواتر بەڕێز گیرارد ۆڵف سەرۆکی شارە بەردەوامەکان لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی وەبەرهێنانی بەردەوام (sustainable development) کرد بە شێوەیەک کە لەگەڵ گۆرانکاریە ژینگەییەکان و پێداویستیەکانی سەردەم بگونجێ وە جەختی لەسەر دانانی پلانی درێژخایەن کردەوە. هەروەها ئاماژەی بە گرنگی ڕاهێنان کرد لە پرۆسەی گەشەسەندنی ئابووری هەر وڵاتێک و بە کلیلی سەرکەوتنی پرۆژەکانی ناوزەند کرد. بەڕێز ۆڵف هیوای خواست کە لە هەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بە وەبەرهێنانی بەردەوام بدەن بەتایبەتی لە بوارەکانی وزەی سەوز و ریسایکلینگی ئاو و پاشماوەکان.
لە کۆتایی ئەم پانێڵە بەڕێزان هیشام ئۆنتوان منعم و د. دەبان حامد کورتەیەکیان لەسەر کارو چالاکیەکانی کۆمپانیاکانیان لە هەرێمی کوردستان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.
- پانێڵی سێیەم (١١:٣٠ تا ١٢:٣٠) :
پانێڵی سێیەم و کۆتایی لەژێر ناونیشانی (بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان) بەڕێوەچوو.
بەشداربووانی ئەم پانێڵە بریتی بوون لە بەڕێزان بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز ئاکام کەمال، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی هەڵەبجە، خاتوو سیهام بوچێناک، ڕاوێژکاری هەرێمی بۆ کاروباری کشتوکاڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵی فەرەنسا و بەڕێز جیرۆم بۆنزی، بەڕێوەبەری بازرگانی کۆمپانیای کارفۆر.
لە دەستپێکدا بەڕێز بێگەرد تاڵەبانی کارو چالاکیەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی بە روونی خستەڕوو خواستی خۆیانی بۆ دروستکردنی پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان فەرەنسا و کوردستان لە کەرتی کوشتوکال دەربری بە مەبەستی گەیشتن بە سەربەخۆیی خۆراک. دواتر ئاماژەی بەوەکرد کە کوردستان لەرووی کشتوکاڵ و ژینگەوە شوێنێکی زۆر گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و خاکەکەی بەپیتە و سەرچاوەی ئاوی باشی هەیە. هەروەها ئاماژەی بە هەموو ئەو دەرفەتانەش کرد کە دەتوانرێ سودیان ڵێوەربگیردرێت بۆ وەبەرهێنان لە بواری کشتوکال. بەڕێز تاڵەبانی هیوای خواست کە کۆمپانیا فەرەنسیەکان وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بدەن بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرهەمهێنانی گۆشت و بەخێوکردنی هەنگ و ئاژەلان و لە بواری لەقتونان و بە بازارکردنی بەرهەمەکان و لە بواری ڤێتێرنەری و دروستکردنی بەنداو .
دواتر هەریاکە لە ئاکام کەمال، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی هەڵەبجە و بەڕێز جیرۆم بۆنزی، بەڕێوەبەری بازرگانی کۆمپانیای کارفۆر کارو چالاکیەکانی خۆیان بۆ ئامادەبوان ڕونکردەوە. لە لایەکی تریشەوە ، خاتوو سیهام بوچێناک، ڕاوێژکاری هەرێمی بۆ کاروباری کشتوکاڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵی فەرەنسا بە گرنگەوە لە کۆربەندەکەی ڕوانی و بەڵێنی پشتگیری تەواوی وەزارەتی کشتوکاڵی فەرەنسای بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپاتکردەوە. خاتوو بوچێناک خواستی خۆیانی بۆ بەرەوپێش بردنی پەیوەندیەکان لە بواری کوشتوکال دووپاتکردەوە و ئامادەیی خۆیانی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی کوردستان لە رووی تەکنۆلۆژیای خۆراکی بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزایی و کوالیتی خۆراک.
وتاری داخستنی کۆڕبەند لەلایەن هەریەکە لە بەڕێزان ئەلێکسیس ئەندرێس، جێگری بەڕێوەبەری باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا و عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا پێشکەش کرا کە تیایدا سوپاسی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مێدێف و بەڕێوەبەری جێبەجێکارەکەی بەرێز فیلیپ گۆتیێیان کرد هەروەها سوپاسی سەرجەم پانێلیستەکان و بەشداربووانی پانێڵەکان کە بە بەشداریکردنیان دیبەیتەکانیان دەوڵەمەندتر کرد.
دوابەدوای کۆتایی هاتنی کۆڕبەندی ئابووری فەرەنسا-کوردستان، پێشوازیکردنێک ڕێکخرا بۆ کۆکردنەوەی چەندین لایەنی جۆراو جۆر بەیەکەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی و دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان لە کوردستان. لە میانی مەراسیمەکە خاوەنکاران و کۆمپانیاکان و دیپلۆماتکاران و سیاسەتمەدارانی فەرەنسی و کوردی لە ئاستی باڵا لە کەشێکی دۆستانەدا کۆبوونەوە و چەند وتارێک پێشکەش کرا.