سەرەکی
هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ
کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا
ڕۆژی چوارشەممە، ١١ ئەیلولی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە یان برایم، کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر.
سەرەتا کونسوڵی گشتی فەرەنسا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و پاڵپشتی وڵاتەکەی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی یاسادانانی داهاتوو کە بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت دووپاتکردەوە و هیوای خواست کە پرۆسەکە لە کەشێکی ئازاد و دادپەروەرانە و شەفافانە تێبپەڕێت، دوور لە هەر جۆرە دەستێوەردانێک و ساختەکارییەک.
لە درێژەی کۆبونەوەکە هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان کردەوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، وە بە گرنگەوە تاووتوێی بەستنی کۆڕبەندی ئابووریی داهاتووی فەرەنسا-کوردستانیان کرد کە بڕیارە لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە پاریس بەڕێوە بچێت. کونسوڵی گشتی فەرەنسا بە گرنگی زانی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا ببەسترێت بۆ بەهێزکردنی توانای ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
لەسەر ئاستی ئەمنی، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا کردەوە. کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا پابەندبوونی فەرەنسای دووپاتکردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاووڵاتیانی.
دواتر تیشک خرایە سەر پەیوەندییە مێژوویی و سیاسییە بەهێزەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا و سەرۆک وەزیران سوپاسی پاڵپشتیی بەردەوامی فەرەنسای کرد بۆ کورد بەتایبەت لە ساتەوەختە چارەنووسسازەکاندا.
لە کۆتاییدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە کارکردنی پێکەوەیی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی.
© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە