سەرەکی هەواڵ و چالاکییەکان هەواڵ

سیمیناری "توێژینەوەی کوردی" لە شاری ڕوان

Alternate Text

ڕۆژی شەممە، ١٨ی ئایاری ٢٠٢٤، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە هاوبەشی لەگەل هەریەکە لەبەشی لێکۆلینەوەی کوردی لە زانکۆی ڕوان-نۆرماندی و زانکۆی نیشتمانی زمان و شارستانیەتەکانی ڕۆژهەڵات (ئینالکۆ) سێمینارێکی ئەکادیمی رێکخست لەژێر ناونیشانی (توێژینەوەی کوردی). ئامانج لەم سمینارە نیشاندانی پابەندبوون و بە پێشخستنی توێژینەوەی ئەکادیمی و گفتوگۆکانە لەسەر پرسە کولتووری و زمانەوانی و مێژووییەکانی کورد. سیمینارەکە لە زانکۆی ڕوان-نۆرماندی لە مۆنت سانت ئایگنان بەڕێوەچوو.
سەرەتای سیمینارەکە بە پێشوازیکردنی بەشداربووان دەستی پێکرد. دواتر ووتەی بەخێرهاتن لەلایەن هەریەکە لە مەهمەت عەلی ئاکینچی، بەڕێوەبەری تاقیگەی دیلیس (DYNAMICS OF LANGUAGE IN SITU - UR 7474)، لە زانکۆی ڕوان - نۆرماندی و عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، پێشکەش کرا. کۆنفرانسەکە لە دوو پانێل پێکهاتبوو.

پانێلی بەیانی (١٠:٣٠ تا ١٢:٠٠) :

پانێلی بەیانی بە سەرپەرشتی بەڕێز ماوریس نیوێز،  پرۆفیسۆر لە زانکۆی بۆردۆ، بەڕێوەچوو. لەم پانێلە، سێ بابەتی جیاواز پێشکەش بە ئامادەبوان کرا:

١- ساڵح ئەکین، لە زانکۆی ڕوان-نۆرماندی - دیلیس، شیکارییەکی قووڵی سەبارەت بە زانستناسی و دیدگا زانستییەکانی توێژینەوەی کوردی پێشکەش کرد، تیشکی خستە سەر گرنگی رەچاوکردنی چوارچێوە ئەکادیمییەکان.

٢- ئەلیف گیین، لە زانکۆی نیشتمانی زمان و شارستانیەتەکانی ڕۆژهەڵات (ئینالکۆ)، بابەتێکی پێشکەش کرد لەسەر بەدواداچوون لە سەر سەرگوزشتەی ژنانی ئەرمەنی ئیسلامی (باڤفیلە) کە زۆرجار چاوپۆشییان لێدەکرێت لە ڕۆمانی کوردی کرمانجیدا.

3. دیبار چەلیک (روان) لێکۆلینەوەیەکی پێشکەشکرد لەسەر ناساندنی شوناسی کولتووری کوردی بە خوێنەرانی ڕۆژئاوا و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی جەوهەری وەرگێڕەران لە بڵاوکراوەی هاواردا.

 

پانێڵی پاشنیوەڕۆ (٢:٠٠ تا ٣:٣٠ ی پاشنیوەرۆ) :

پانێڵی پاشنیوەڕۆ لەلایەن بەڕێز ئامر ئەحمەد لێکۆلەر لە زانکۆی نیشتمانی زمان و شارستانیەتەکانی ڕۆژهەڵات (ئینالکۆ) سەرپەرشتی کرا. لەم پانێلەش سێ بابەتی جیاواز پێشکەش بە ئامادەبوان کرا :

١- بێریڤان بیرال، لە زانکۆی ڕوان - نۆرماندی - دیلیس، بابەتێکی پێشکەشکرد لەسەر ئاستەنگ و کارلێکی نێوان نەوەکان لە پاراستنی زمانی بنەماڵەیی لە نێوان خێزانە کوردە کۆچبەرەکاندا.

٢- تیان کیو، لە زانکۆی نیشتمانی زمان و شارستانیەتەکانی ڕۆژهەڵات (ئینالکۆ)، لێکۆلینەوەیەکی ناوازەی پێشکەش کرد لەسەر پەیوەندییەکانی چین و کورد، وە تیشکی خستە سەر تێڕوانینی پارتی شیوعی چینی سەبارەت بە پرسی کورد وەک ئەوەی لە ڕۆژنامەی گەلان لە ساڵی ١٩٤٦ تا ١٩٩١ ڕەنگدانەوەی هەبوو.
٣- کارلۆ مینێلی، لە زانکۆی ڕوان - نۆرماندی - دیلیس، لێکۆلینەوەیەکی بەراوردکاری پێشکەش کرد لە سەر ڕێبەرە جیاوازەکانی فێرکاریی کرمانجی و تیشکی خستە سەر گرنگییان لە گەشەسەندنی زمانەوانی و دیداکتیکی زمانی کوردیدا.

ووتاری کۆتایی و ڕاسپاردەی سێمینار (٣:٣٠ تا ٤:٠٠ ی پاشنیوەرۆ) :

کۆتایی سیمینارەکە بە دانیشتنێکی تایبەت بە ڕەنگدانەوە و دیدگاکانی داهاتوو، لەلایەن هەریەکە لە ساڵح ئەکین، ئامر ئەحمەد و عەلی دۆڵەمەری کۆتایی هات کە تیایدا سوپاسی سەرجەم بەشداربووان و هاوکاران کرا بۆ بەشداریکردنیان لە سەرخستنی ئەم سیمینارە. وەهەروەها جەخت لەسەر پابەندبوونی بەردەوامی پشتیوانیکردن لە چالاکییە ئەکادیمییەکان و بەردەوامیدان بە ڕێکخستنی سیمیناری لەم جۆرە کرایەوە بۆ قووڵکردنەوەی تێگەیشتن و بەرەوپێشبردنی توێژینەوە لە کولتوور و مێژوو و زمانی کوردی.

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە