ئهركهكانمان
ئەرکەکانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا چەندین بواری جیاواز و ستراتیژی دەگرێتەوە کە لە سەرووی هەموویانەوە، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمە لەم وڵاتەدا، هاوشان لەگەڵ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەل و حکومەتی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان.
لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە :
لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسادا پەیوەندییەکی تۆکمە و مێژوویی هەیە. نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا هەوڵی تەواو دەدات بۆ پاراستن و فراوانترکردنی ئەم پەیوەندییانە. لەم پێناوەشدا، نوێنەرایەتی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و پتەوی هەیە لەگەڵ سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی فەڕەنسا لە گشت ئاستەکان، لە سەرۆکایەتیی کۆمار (کۆشکی ئەلیزێ)، حکومەت، پەرلەمان (ئەنجومەنی نیشتمانی)، ئەنجومەنی پیران (سێنات)، شارەوانییەکان تا دەگاتە ناوەندەکانی توێژینەوە و ڕێکخراوە ناحکومییەکان.
لە ڕووی کولتوورییەوە :
ئەرکێکی تری بنەڕەتیی نوێنەرایەتی، ناساندن و ئاشناکردنی کولتوور، فەرهەنگ و مێژووی دێرینی کوردستانە بە کۆمەڵگەی فەڕەنسی. بۆ ئەم مەبەستەش، ساڵانە لە ڕێگەی ڕێکخستنی چەندین چالاکیی جۆراوجۆری ڕۆشنبیری، هونەری و بەشداریکردن لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا، نوێنەرایەتی کار بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتیخوازانە و فرەچەشنیی گەلی کوردستان دەکات.
لەرووی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە :
پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا ئەرکێکی دیکەی سەرەکیی نوێنەرایەتییە و بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە نوێنەرایەتی تەواوی هەوڵەکانی دەخاتەگەر بۆ بەیەکگەیاندنی کۆمپانیاکانی کوردستان و کۆمپانیاکانی فەڕەنسا لە بوارە جیاوازەکانی وەک بازرگانی، پیشەسازی، بەرهەمهێنان و کشتوکاڵ و هتد ...
لەم چوارچێوەیەشدا، نوێنەرایەتی کارئاسانیی پێویست دەکات بۆ ئەو کۆمپانیا فەڕەنسییانەی کە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان کار یان وەبەرهێنان بکەن، ئەمەش لە ڕێگەی خێرا ڕاییکردنی کارەکانیان لە نوێنەرایەتی، وەک ڕاستاندنی (تەسدیقکردنی) فەرمیی بەڵگەنامە و مۆڵەتەکانیان و دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان و بەپێچەوانەشەوە.
بە گشتی، نوێنەرایەتی یارمەتی و بەرچاوڕوونیی پێویست پێشکەش بە کۆمپانیاکان و بازرگانان و ڕۆژنامەنووسان و گەشتیارانی فەڕەنسی دەکات کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە :
نوێنەرایەتی کار لەسەر دروستکردنی پەیوەندیی زانستی و ئەکادیمی دەکات لە نێوان زانکۆکانی فەڕەنسا و زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا. ئەمەش لە ڕێگەی ئاسانکاریکردن بۆ ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و پرۆژە و توێژینەوە هاوبەشەکانیان.
هەروەها نوێنەرایەتی پاڵپشتیی بەردەوامی کارگێڕی پێشکەش بەو قوتابی و خوێندکارە کوردستانییانە دەکات کە لە فەڕەنسا خەریکی درێژەدانن بە خوێندن و یاریدەدەرە لە بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى بۆ بەش و کۆلێژەکانى زانکۆکانى کوردستان و واژووکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەنێوان زانکۆکانی فەرەنسا و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکان.
لە ڕووی خزمەتگوزاری قونسوڵگەرییەوە :
خزمەتکردنی هاونیشتمانیانی ڕەوەندی کوردستانی لە فەڕەنسا، لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم نوێنەرایەتییەیە؛ ئەمەش لە ڕێگەی پێشکەشکردنی چەندین خزمەتگوزاریی جۆراوجۆری قونسوڵگەری بێ بەرامبەر و پێشکەشکردنی کارئاسانی بۆ مامەڵە فەرمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری فەڕەنسا لەوانەش: ڕاستاندنی بەڵگەنامە فەرمییەکان، ڕاییکردنی بریکارنامەکان (وەکالەت)، مامەڵەکانی باری شارستانی و پێشکەشکردنی بەرچاوڕوونیی یاسایی و کارگێڕیی پێویست بۆ هاوڵاتییان.